بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موحسین ڕوحی سفەت، شارەزا لە کاروباری ئەفغانستان، وتی: تاڵیبان داوای بە فەرمی ناساندنی لە وڵاتانی ئیسلامی کردووە بەڵام پێش ئەو داواکارییە، سەرجەم وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و تەنانەت جیهان داواکەیان ڕەتکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بۆ سەلماندنی درووشمەکانی چەند مانگی ڕابردوو تاڵیبان، دەبێت هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بنێت بەڵام لەم ماوەیەدا کە بەرپرسانی باڵا دەستنیشان کراون، شتی وەها نەبینراوە و کەس ناتوانێت بڵێت کە تاڵیبان تەنانەت هەنگاوێکی بچووکی لەم بوارەدا هەڵگرتووە.
ناوبراو وتی: لە بواری مافەکانی ژنانیش تاڵیبان بە هەمان شێوە هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە و ئەم چینە لە کۆمەڵگای ئەفغانستان تەنانەت ئیش و کاری خۆیان لە دەست داوە، یان لە بواری پەروەردە بەردەوام کچانی تەمەن سەروی 12 ساڵ مافی درێژەدان بە خوێندنیان نییە. لە بواری مافی مرۆڤ و هەڵسووکەوت لە گەڵ میدیاکارانیش هەنگاوێکی ئەرێنی نەبینراوە تا بە پشت بەستن بەو هەنگاوانە بە فەرمی ناساندنی تاڵیبان لە لایەن وڵاتانەوە تاوتوێ بکرێت.
ئەم دیپلۆماتکارەی پێشووی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نیگەرانی کارەساتێکی مرۆڤییە بە بۆنەی نەبوونی خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی لە ئەفغانستان و ئایا دەکرێت بۆ ڕێکخستنی هاوکارییەکان دان بە حکومەتی تاڵیباندا بنرێت، وتی: بۆ پەیوەندی لە گەڵ ئەفغانستان و ناردنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە پێویست بە پەسەندکردنی حکومەتی ئێستای کابوڵ ناکرێت، وەک چۆن کە ئێران بە پاراستنی هەڵوێستی لە بەرامبەر تاڵیبان، سەرقاڵی گەیاندنی هاوکارییەکانە بۆ خەڵکی ئەفغانستان و بە فەرمی ناساندنی تاڵیبانی بۆ مسۆگەرکردنی درووشمەکانی ئەم گرووپە گەڕاندووەتەوە.
ڕوحی سفەت لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە سەبارەت بەوە کە لە کاتی کەوتنی کابوڵ، ئێران، چین و ڕووسیا باڵیۆزخانەکانیان لە ئەفغانستان هێشتەوە و لە چەند مانگی ڕابردووش سعوودیە کۆنسووڵخانەی خۆیی کردەوە، ئایا لە داهاتوودا وڵاتانی ئیسلامی، وڵاتانی ناوچەکە و جیهان نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی خۆیان لە کابوڵ دەکەنەوە؟ وتی: ئەگەری وەها لە ئارادایە، وەک چۆن کە ئێران و میسر پەیوەندی دیپلۆماسییان نییە بەڵام نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لەو وڵاتەیە و خەڵک لە نێوان هەر دوو وڵات لە هاتووچۆدان.
ناوبراو وتی: بوونی هاوکارییە ئابورییەکانی نێوان دوو وڵات پێویستی بە پەیوەندی دیپلۆماسی نییە و ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە کە وڵاتانی دراوسێ و ئیسلامیی ناوچەکە باڵیۆزخانەکانی خۆیان لە کابوڵ بکەنەوە و بەردەوام جەخت لە سەر هەڵوێستی خۆیان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان بکەنەوە./.