بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفرانسی نائاسایی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی سەردانی پاکستانی کردووە، لە گەڵ عومرانخان نیازی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا هەر یەک لە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی پاکستان و سەید محەممەد عەلی حوسێنی باڵیۆزی ئێران لە ئیسلام ئاوا ئامادە بوون.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان بە وەبیرهێنانەوەی کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەی لە گەڵ ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای، وتی: پاکستان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕوانێت.
ناوبراو جەختی لە سەر پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان تاران و ئیسلام ئاوا کردەوە و وتی کە دوو وڵاتی ئێران و پاکستان دەتوانن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە ئەفغانستان ڕۆڵ بگێڕن.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو کۆبوونەوەدا وتی: کابینەی ئێستای ئێران بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی گرنگی بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت پاکستان دەدات و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک لەو پێناوەدا دەکات./.