بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دیپلۆماتکارانی باڵای ئێران و کۆمەڵەی وڵاتانی 1+4 و یەکێتی ئەورووپا لە ئاکامدا باش دانوستانێکی چەند ڕۆژە، گەیشتنە دوو دەقی هاوبەش کە تێڕوانین و پێشنیارەکانی سەرجەم شاندەکان لە سەر دوو بابەتی هەڵگرتنی گەمارۆکان و پرسی ناوەکی لە خۆ دەگرێت. ئەو دەقەش بە واتای ڕێکەوتن بۆ چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی و بەڵێنی لایەنەکان نییە بەڵکوو بنەمایەک دەبێت بۆ بەردەوامیی دانوستانەکان لە گەڕی هەشتەم کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست پێبکات.
گەیشتن بەم قۆناغەش بە هۆی هەڵوێستی نەرێنی و خۆڕاگری سێ وڵاتی ئەورووپی بە ئەستەم مسۆگەر بووە، نوێنەرانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا بە درێژایی دانوستانەکان بە بێ پاساو پێداگرییان لەوە دەکرد کە وتووێژەکان لە چوارچێوەی ڕەشنووسی ڤیەننای شەش کە لە نێوان کۆمەڵەی 1+4 و شاندی دانوستانکاری پێشووی ئێران ڕێکەوتنی لە سەر کرابوو، بەدواداچوونی بۆ بکرێت. بەڵام بە هۆی هەڵوێستە ڕەواکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پێداگریی شاندی دانوستانکاری نوێ، لایەنی ئەورووپی گەیشتە ئەوەی کە تێڕوانینەکانی ئێران وەک بنەمایەک بۆ دانوستانی جیدی و بەئەنجام دابنرێت.
ئەنریکە مورا جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا کە لە گەڵ دانوستانکاری باڵای ئێران بە هاوبەش سەرۆکایەتی لێژنەی هاوبەشی ڕێکەوتنی ناوەکیی لە ئەستۆیە، بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە بەشداربووان لە کۆبوونەوەی هەینی 17 ی کانوونی یەکەمی 2021، گەیشتوونەتە دەقێکی هاوبەش بۆ چالاککردنەوەی ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2015.
ناوبراو وتی کە ئەو دەقەش بۆچوون و پێشنیارە جیاجیاکانی کۆمەڵەی 1+4 و ئێران سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان، پرسی ناوەکی و جێبەجێکردنی بڕیارەکان لە خۆ دەگرێت.
مورا وتی: ئەمە بە واتای گەیشتن بە ڕێکەوتن نییە بەڵام بنەمایەکە بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان، بۆ گەڕی هەشتەم کارێکی زۆر و ئەرکێکی قورسمان لە پێشە کە بڕیاری سیاسیی قورسیش لە خۆ دەگرێت.
سێ وڵاتی ئەورووپی بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، بە ناڕاستەوخۆ دانیان بە پاشەکشەیان لە بەرامبەر داواکارییەکانی ئێران نا و ڕایانگەیاند کە لە دانوستانەکاندا بەرەوپێشچوون هەبووە. لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هەندێک بەرەوپێشچوونی تەکنیکی هەبووە.
ئەو سێ وڵاتە پێشتر دەستەواژەی بەرەوپێشچوون یان پێشکەوتنیان لە دانوسانەکاندا بەکار نەدەهێنا، ئەویش بە ئامانجی شەڕی دەروونی لە دژی شاندەکەی ئێران و وەرگرتنی ئیمتیاز. بەڵام پێداگری شاندەکەی ئێران لە سەر هەڵوێستەکانی خۆی بووە هۆی گۆڕینی بۆچوونی لایەنی بەرامبەر و قبووڵکردنی بەرەوپێشچوون.
دیپلۆماتکارانی باڵای بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ بەهێزکردنی بەرەی خۆیان، نوێنەری ڕووسیاشیان کردە هاوڕێی خۆیان و ڕایانگەیاند کە ئێمە لە گەڵ پەکین و مۆسکۆ و ڕێکخەری یەکێتی ئەورووپا چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە دانوستانەکانی 29 ی تشرینی دووەم بە ڕەچاوکردنی دەقی بەدەست هاتووی مانگی تەمموز وەک بنەمایەک دەست پێبکاتەوە.
ئەوان وایان پیشان دەدا کە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن پەلە دەکەن و ڕایانگەیاند کە دانوستانەکان نابێت بۆ چەندین مانگ بەردەوام بێت و ڕەنگە تەنیا چەند هەفتەیەکمان لە بەردەم بێت تا ڕێکەوتن لە گەڵ ئێران قازانجەکەی لە دەست نەدات، ئەوان هەروەها داوایان لە ئێران کرد واز لە هەر هەنگاوێکی ناوەکی بێنێت کە دۆخەکە ئاڵۆز بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سێ وڵاتی ئەورووپی بە درێژایی دانوستانەکان بەردەوام شەڕی دەروونی و سەپاندنی سزای نوێ و هەڕەشەی سەربازییان بە ئامانجی کاریگەریدانان لە سەر کەرتی ئابوری ئێران بە تایبەت بازاڕی دراو جێبەجێ کرد تا لە ڕەوتی دانوستانەکان وەک کارتێکی گوشار بەکاری بێنن.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، عەلی باقری گەورە دانوستانکاری ناوەکیی ئێران وتی: لەو ماوەیە کە لە ڤیەننا بووین بە تایبەت ئەم هەفتەی دواییە لە دانوستانێک کە بە جیدی بەردەوام بوو، ڕوبەڕوی پێداگرییەکی بێ پاساو و بێ بنەمای لایەنی ئەورووپی بووینەوە، ئەویش لە پێناو نەمانی تێڕوانینی لایەنی ئێرانی وەک بنەمایەک بۆ دانوستانەکان، کە ئەمەش ڕوبەڕوی خۆڕاگری و هەڵوێستی بەلۆژیک و ڕەوای لایەنی ئێرانی کرایەوە و لە ئاکامدا لایەنی بەرامبەر ئەوەی قبووڵ کرد تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێتە بنەمای دانوستانەکانی داهاتوو.
ناوبراو سەبارەت بە ڕاگرتنی دانوستانەکانیش وتی: ئێمە لەم ماوەیەدا بۆ ئەوە دانوستانمان دەکرد کە بنەمای دانوستانەکان و ئەوەی کە بڕیارە وتووێژی لە سەر بکرێت بە ڕێکەوتنی هەر دوو لا بێت. بەو وتووێژانەی کە ڕۆژی هەینی بە کۆتایی گەیشت لایەنەکان گەیشتنە ئەو لێک تێگەیشتنە و ئەمەش وایکرد ئەوان بڕیار بدەن ماوەیەک بۆ تاوتوێکردنی سەرجەم پێشنیارەکان لە بەرچاو بگرن.
بڕیارە ئەنریکە مورا، جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا و ڕێکخەری کاروباری لێژنە هاوبەشەکەی ڕێکەوتنی ناوەکی، کاتی دەستپێکردنەوەی گەڕی هەشتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا ڕابگەێنێت./.