بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلیڕەزا مورادی بێستونی، شارەزا لە میراتی کەلتوری و گەشتیاریی ئێران، لە نووسینێکدا ڕۆڵ و کاریگەری ڕێگاوبانەکان و کاروانسەراکانی لە مێژووی ئەم وڵاتەدا شرۆڤە کردووە. دەقی نووسینەکەش لە درێژەدا هاتووە:
بە پێی گرنگی ڕێگاوبانەکان، ئێرانییەکان لە ڕابردوویەکی دوورەوە دەستیان بە گەشە و ئاوەدانکردنەوەی کردووە. بە شێوازێک کە بە پێی هەندێک گێڕانەوە لە سەردەمی هەخامەنشییەکان ئێران تۆڕێکی گواستنەوەی تایبەتی هەبووە کە لە تەختی جەمشیدەوە پێنج ڕێگا بەرەو شوش، پەری تەکان، کرمان، بەندەرەکانی دیلمان و هۆرمز لە نزیک کەنداوی فارس دەڕۆیشت و یان لە شوشەوە سێ ڕێگا بەرەو بابل، هەمەدان، تەختی جەمشید و چەند لقێکی ئەم ڕێگایانەش تا ئەسفەهان و بەندەری دیلمان لە نزیک کەنداوی فارس درێژەی هەبوو.
لە سەردەمی هەخامەنشییەکان تا ئێستا ئەوەی کە لە سەر ڕێگاوبانەکان مابێتەوە وەک کاروانسەراکان و … نە دۆزراوەتەوە بەڵام بێگومان ڕێگا جیاجیاکان و بە ئیمکانیاتەکانی ئەو سەردەمەی شاهەنشاهی بەدەر لەو دامەزراوانە نەبووە. لە ڕیزی گرنگترین کارەکانی حکومەتی هەخامەنشییەکان دەتوانین ئاماژە بە دامەزراندنی چاپارخانە (پۆستە و گەیاندن) و قەڵای پاسەوانی لە ڕێگا سەرەکییەکاندا بدەین. لەو سەردەمەدا لە ئەسپەکان بۆ گەیاندن کەڵک وەردەگیرا و بە پێشەکەوتنێک لە ئاستی حکومڕانیی ئەو سەردەمەی ئێران دادەنرا.
ڕێگاوبانەکان لە سەردەمی ئەشکانییەکان و ساسانییەکانیش بە هەمان شێوازی کۆن بووە و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان تێدا نەکرا، بەدەر لەوەی کە بە هۆی گوڕینی پایتەخت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات بەرەو ڕۆژئاوا ڕێگاکانیش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە گواسترانەوە.
پاشاکانی ئەشکانییەکان و دواتر حکومەتی ساسانی بۆ باشترکردنی دۆخی ڕێگاوبانەکان هەوڵێکی زۆریاندا و بۆ دابینکردنی تێچووی پاراستنی ڕێگاکان باجیان لە کاڵا بازرگانییەکان وەردەگرت کە لە سەرچاوە گرنگەکانی داهاتی حکومەت لەو کاتەدا بووە.
ئەو ڕێگایانەی کە لە بیابانەکاندا تێپەڕ دەبوون بیری ئاو و کاروانسەرایان بۆ دابین کرابوو و لە شارەکانیش وەک میوانخانەکانی ئێستا شوێنی حەوانەوەی خەڵک و بازرگانەکان کرابووە، ئەو شوێنانەش تەنانەت ئاڵوگۆڕی بازرگانیشی تێدا دەکرا. یەکێک لە گرنگترینی ئەو ڕێگایانەی کە لە سەردەمانی ئەشکانی و ساسانی کەڵکی لێ وەردەگیرا و گرنگترین شاڕێگای بازرگانانی ئێرانی لەو سەردەمانەدا بوو، ڕێگایەک بوو کە لە ناوەندی وڵاتی چینەوە دەستیپێدەکرد و لە ئێرانەوە تێپەڕ دەبوو تا دەگەیشتە بەینولنەهرەین و پاشان کۆتاییەکەی دەگەیشتە بەندەری ئەنتاکیەی تورکیا، ئەم ڕێگایەش بە بۆنەی بازرگانیکردنی ئاورێشم بە ڕێگای ئاورێشم ناسرابوو.
وەک چۆن کە ئاماژە درا لە تەنیشت ڕێگاکان کاروانسەراکان کرابوونەوە. لە نموونەی کاروانسەراکانی ئێران لە سەردەمی ساسانییەکان دەتوانین ئاماژە بە کاروانسەراکانی دێرگەچین لە نزیک شاری قۆم و ڕۆبات ئەنوشیرەوانی لە 40 کیلۆمەتری ڕێگای سمنان بەرەو شاری دامەغان بدەین.
پاش سەردەمی ساسانی و لە سەردەمی ئیسلامی لە کاتی حکومڕانی سەلجوقییەکان ڕێگای نوێ کرانەوە و بۆ دابینکردنی ئاسایشی کاروانەکان وێستگەی نوێ لە نێوان ڕێگاکاندا کرانەوە. ڕۆبات ماسی لە سەر ڕێگای مەشهەد بەرەو سەرەخس یەکێک لە بیناکانی سەرەتای ئیسلامە کە لە سەردەمی حکومڕانی غەزنەوییەکان کراوەتەوە. لە کاروانسەراکانی دیکەی سەرەتای هاتنی ئیسلام بۆ ئێران دەتوانین ئاماژە بە ڕۆبات شەرەف، ڕۆبات سپەنج، ڕۆبات کەریم و …. بدەین. پاش ئەوەش لە سەردەمی مەغولەکان هەندێک ڕێوشوێن بۆ ئاسانکاری هاتووچۆ گیرایەبەر، وەک ئەوەی کە هەلاکۆخان بۆ دابینکردنی ئاسایشی ڕێگاوبانەکان جێبەجێی کرد.
لە سەردەمی سەفەوییەکاندا کاروانسەراکان و نۆژەنکردنەوەیان گەشەی بەرچاوی هەبووە کە شا عەباسی یەکەم بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێگای ئاورێشم و خزمەت گەیاند بە زیارەتکارانی شوێنە پیرۆزەکان فەرمانی کردنەوەی 999 کاروانسەرای دەرکرد و وەک چۆن کە ئاماژە درا بەشێک لەوان کەوتوونەتە سەر ڕێگای شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و لە پارێزگای کرماشاندایە، وەک کاروانسەراکانی بێستون، ماهیدەشت و قەسری شیرین.
کاروانسەرای بێستون لەو بینا بەشکۆیانەی ئەو سەردەمەیە کە لە ڕووی ئەندازیاری و سرووشتی ناوچەکە و هەڵکەوتنی لە داوێنی چیای بێستون و ئاسەوارە بەناوبانگەکەی، گرنگییەکی زۆری هەیە.
ساڵی 2011 کاروانسەرای بێستون بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و بە 21 ژوورەوە ڕۆژانە دەتوانێت پێشوازی لە 90 گەشتیار بکات./.