بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ئێستادا جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ناوی ئۆمیکرۆن بووەتە کێشەیەکی گەورەی بەردەم کەرتی تەندرووستی جیهان. لە نیگەرانییەکانی تایبەت بە لاوازبوونی ڤاکسێنەکانی ئێستا لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە تا لێکەوتە ئابورییەکانی و ماندوبوونی دوو ساڵەی خەڵک لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە جیهانییە.
پسپۆڕانی بواری تەندرووستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم جۆرەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرامبەر ڤاکسێنەکانی ئێستای جیهان بەهێزترە و لە بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەیدا دیسانەوە گەڕاینەتەوە خاڵی سفر و خەڵک دەبێت بە جیدی ڕێنماییە پزیشکییەکان لە بەرچاو بگرن.
بەکارهێنانی دەمامک، لەبەرچاوگرتنی مەودای نێوان خەڵک و شۆردنی دەستەکان بە بەردەوامی، لە ڕیزی گەنگترین ڕێنماییە تەندرووستییەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنان. هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەم ڤایرۆسەش ناسینی توشبووانی بە پێویست دادەنرێت. ناوەندی تەندرووستی گشتیی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە ئەوانەی تای بەرزیان هەیە، کۆکەی بەردەوام دەکەن و هەستی بۆنکردن و تامکردنیان لە دەست داوە دەبێت لە زووترین کاتدا پشکنینی کۆرۆنایان بۆ بکرێت.
سەرەڕای ئەمەش، لە گەڵ ئەو نیشانانەی کە پێشتر بۆ توشبووانی کۆرۆنا باس کراوە، بەم دواییانە زانایان ڕایانگەیاندووە کە ئۆمیکرۆن چەندین نیشانەی دیکەی لە کەسانی توشبوودا بە دواوەیە کە بریتین لە:
ماندوبوونی زۆر
کۆکەی وشک
ئازاری ماسولکەکان
دکتۆر ئەنجلیک کوتز یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ناوەندی پزیشکیی ئەفریقای باشور کە بۆ یەکەم جار ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنی دۆزییەوە، ڕایگەیاند: من لە نۆرینگەکەی خۆم ڕۆژانە کەسانێکی زۆر سەردانمیان دەکرد کە نیشانەی جیاوازیان بەراورد بە کۆرۆنای جۆری دێڵتا هەبوو، نیشانەکانیش تا ڕادەیەک ئاسایی بوون بەڵام دواتر بە پشکنینەکان دەرکەوت کە ئەمە جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
بە پێچەوانەی جۆرەکانی پێشووی کۆرۆنا کە هۆکاری لەناوچوونی هەستی بۆنکردن و تامکردن لە نەخۆشەکاندا بوون، ئۆمیکرۆن نابێتە هۆکاری ئەم نیشانانە بەڵام لە بەرامبەردا زۆربەی توشبووانەکەی تووشی ئارەقکردنەوەی شەوانە دەبن./.