ڕژێمی زایۆنیستی بە کردنە ئامانجی بنکە سەربازییەکانی سوریا و سەرقاڵکردنی هێزە چەکدارەکانی لە ڕێگای بەردەوامیدان بە هێرشەکانەوە، هەوڵ دەدات ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی مسۆگەر بکات بەڵام لەم ڕێگایەدا شکست دێنێت.
ئامانجی ڕژێمی زایۆنیستی لەناوچوون و ڕووخانی حکومەتی ئێستای سوریایە بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد، بەڵام وەک چۆن بە درێژایی دە ساڵی ڕابردوو لەمەدا شکستی هێناوە، لە داهاتووشدا چارەنووسی پیلانەکانی تەنیا شکست دەبێت، لە بەر ئەوەی کە گەل و حکومەتی سوریا لە بەرامبەر ئەم پیلانگێڕییانەدا خۆڕاگری دەکەن.
هۆکارە سەرەکییەکەی بەردەوامبوونی هێرشەکانی سەر سوریاش ئەوەیە کە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بە بەربەستێکی گەورەی بەردەم پرۆژەی ئەمریکی – زایۆنیستی و تورکی لە ناوچەکە دادەنرێت و وەک قەڵایەکی گەورەی بەرەی خۆڕاگرییە.
یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی هێرشە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر سوریا، هەوڵی هاوبەشی ئەمریکا – ڕژێمی زایۆنیستی و تورکیایە بۆ هاندانی گەلی سوریا لە دژی بوونی هێزەکانی ڕووسیا لەم وڵاتە. بەم پێیەش کە ئەگەر ڕووسیا نەتوانێت هێرشە مووشەکییەکانی ئەوان تێک بشکێنێت، بوونی لە سوریا هێندە گرنگ نییە. بەدەر لەمەش، ئەمریکا هەوڵ دەدات ناکۆکی بخاتە نێوان حکومەتی سوریا و هاوپەیمانەکانی، یان ئەوەی کە گەلی سوریا لە دژی هاوپەیمانی دیمەشق – مۆسکۆ و تاران هەڵوێست وەربگرن.
بەو هێز و ئیمکانیاتەی سوریا و بەرەی خۆڕاگری و بە هەبوونی ئامانجێکی گرنگ و بەردەوامبوون لەم ڕێگایە، بەردەوام وەڵامی دەسدرێژییەکان دەدرێتەوە تا پیلانەکانی ئەمریکا بۆ زاڵبوون بە سەر تەواوی ناوچەکە ڕوبەڕوی شکست و سەرشۆڕی ببێتەوە.
هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەکەوێتە چوارچێوەی بەشێک لە پرۆژەی داگیرکاران لە دژی ئەم وڵاتە. لە لایەکەوە ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ناکشێتەوە و سزاکانی سەر ئەم وڵاتەش زیاتر دەکات و لە لایەکی دیکەوە، تورکیا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ڕێکەوتنی سووچی کەمتەرخەمی دەکات. هەموو ئەم پرۆژانەش پێکەوە وا دەکەن کە سوریا بەردەوام لە شەڕ و ئاڵۆزی و داگیرکاریدا بمێنێتەوە.
ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بەرپرسیاریەتی هێرش و دەسدرێژییەکانی سەر سوریا لە ئەستۆ ناگرێت، تەنیا بە هۆی مەترسییەکانی وەڵامدانەوەی دیمەشقە. ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی وا دەزانێت کە تا بەرپرسیاریەتی هێرشەکان لە ئەستۆ نەگرێت سوریا وەڵامی ناداتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی جیهان و ڕای گشتی بە تەواوی دەزانن کە هێرشەکان لای ڕژێمی زایۆنیستییەوە و بە چ ئامانجێک دەکرێت.
ڕژێمی زایۆنیستی بە هێرشە بەردەوامەکانی لە دژی سوریا دەیەوێت تەنانەت لە پاش گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق بۆ سەر تەواوی خاکی ئەم وڵاتە، بەردەوام وەک ناوچەیەکی شەڕ بمێنێتەوە تا بە سەرقاڵکردنی هێز و وزەی سوریا، نەتوانێت پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی خۆی جێبەجێ بکات. بەڵام سوریا بە هاوکاری حکومەت و گەلی ئەم وڵاتە خەونە بەتاڵەکەی زایۆنیستەکان لە گۆڕ دەنێت و لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی، سەربازی، ئابوری و کۆمەڵایەتی سەر لە نوێ دەبوژێتەوە./.