بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میخائیل ئولیانۆف نوێنەری ڕووسیا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی ڤیەننا و دانوستانکاری باڵای ئەم وڵاتە لە دانوستانەکانی چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی و هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئێران وتی کە ڕەنگە گەڕی هەشتەمی دانوستانەکان، کۆتا گەڕی بێت و ماوەی زیاتری بوێت لە بەر ئەوەی کە هێشتا کارێکی زۆر ماوە کە جێبەجێ بکرێت.
ناوبراو وتی: من پێم خۆش نییە پێشبینی شتێک بکەم کە هەڵە بێت بەڵام گەشبینانە هەستم ئەوەیە کە هەشتەم گەڕی دانوستانەکان دەتوانێت کۆتا گەڕ و ئەڵبەت درێژترین گەڕی دانوستانەکان بێت، چەندین لایەنی دیکە بە تایبەت ڕێکخەری یەکێتی ئەورووپا بە هەمان شێوە گەشبینن.
ئولیانۆف وتی: هۆکارێک بۆ شکستی دانوستانەکان نابینم، ئەگەرچی هەر هەڵەیەک دەتوانێت دۆخەکە دژوارتر بکات و سەرجەم هەوڵەکانی پێشوو بێ کاریگەر بکات، ئێمە ئامۆژگاریی هاوبەشەکانی خۆمان کردووە کە ئەمە لەبیر نەکەن و لەم هەلومەرجەدا بەرپرسیاریەتی قورسیان لە ئەستۆیە./.