بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بانکی ناوەندی تورکیا سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2021 یەک ملیار و 40 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە بەڵام دۆلار گەیشتە 13.6 لیر، سێی مانگی کانوونی یەکەمیش 300 ملیۆن دۆلاری دیکەی خستە بازاڕەوە بەڵام دۆلار گەیشتە 13.7 لیر، 10 ی مانگ هەوڵەکانی بانکی ناوەندیش بە هەمان شێوە سوودێکی نەبوو و هەر دۆلار بووە 14 لیر و لە ئاکامدا و ئەمجارەش سەرەڕای خستنە بازاڕی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارەوە، دۆلار گەیشتە 16 لیر کە ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و لە ئەگەری بەردەوامیی ئەمەش، پاشەکەوتی 118 ملیار دۆلاریی تورکیا بە ڕێژەیەکی زۆر ڕوو لە دابەزین دەکات.
هاوکات دۆخی ئابوریی تورکیا ڕۆژانە بەرەو خەراپتربوون دەڕوات و بەم هۆیەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ناجی ئیقباڵ سەرۆکی بانکی ناوەندیی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و لە شوێنی ئەو کەسێکی دیکەی بە ناوی شەهاب قافجی ئۆغلۆ دەستنیشان کرد.
لەم نێوەندەدا، بانکی ناوەندی تورکیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، سێ جار سوودی بانکیی دابەزاند بەڵام قازانجێکی نەبوو و بەهای لیر لە بەرامبەر دۆلار بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کرد.
شارەزایان لەو بڕوایەدان کە دابەزاندنی سوودی بانکی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەرزە دەرەکییەکان، کەمبوونەوەی ڕێژەی هەناردە، کەمبوونەوەی داهاتی کەرتی گەشتیاری، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ئاڵۆزییە سیاسییەکانی تورکیا لە ناوچەکە و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە لە گرنگترین هۆکارەکانی دابەزینی بەهای لیری ئەم وڵاتەیە، بە شێوازێک کە خەڵک بۆ یەکەم جار لە پاش کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 بە بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان، وێڕای ناڕەزایەتی لە بەرامبەر دۆخی ئابوریی و بژێوی ژیان، داوای دەست لە کار کێشانەوەی ئەردۆغان دەکەن./.