بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قاسم موحبعەلی بەڕێوەبەری گشتی پێشووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە وتووێژێکدا سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و کۆمەڵەی وڵاتانی 1+4 لە ڤیەننا، وتی: مەودای نێوان هەڵوێستی ئێران و ئەمریکا زۆرە و لە دەسپێکی گەڕی نوێی دانوستانەکان تا ئێستا زیاتریش بووە، هەرچەندە کە لایەنەکان جەخت لە سەر بەردەوامی دانوستانەکان دەکەنەوە و بەردەوامیش دەبێت بەڵام هیوایەکی ئەوتۆ نییە دانوستانەکان لە کورت ماوەدا بگاتە ئەنجام.
ناوبراو سەبارەت بە لێدوانەکانی میخائیل ئولیانۆف نوێنەری ڕووسیا لە دانوستانەکانی ڤیەننا، وتی: ئەگەر بڕیار بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ناوەکیی ساڵی 2015 بێت، ئاساییە کە ئێران دەبێت سەنتریفۆژەکانی خۆی بە پێی بڕگەکانی ئەو ڕێکەوتنە هەڵبگرێت و لە دامەزراوەی فۆردۆ پیتاندنی یۆرانیۆمیش نەکات و بە پێی ڕێکەوتنی ناوەکی، ئەو دامەزراوەیە دەبێتە ناوەندێکی توێژینەوەیی لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی. هەروەها سەبارەت بە ڕێژە و پشکی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەکارهێنانی سەنتریفۆژەکان تا کۆتایی ڕێکەوتنەکە.
ئەگەر بڕیار بێت گۆڕانکاری لە ڕێکەوتنی ناوەکیدا بکرێت، لایەنی بەرامبەر بە دڵنیاییەوە داواکارییەکانی خۆی دەخاتەڕوو
موحبعەلی وتی: ئەگەر بڕیار بێت گۆڕانکاری لە ڕێکەوتنی ناوەکی بکرێت، لایەنی بەرامبەریش داواکارییەکانی خۆی زیاتر دەکات و گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی لە ئێستادا بە پێی داواکاری لایەنەکان، تا ڕادەیەک ئەستەم بووە.
ئەم شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە سەبارەت بە هۆکاری ئەستەمبوونی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکیی 2015، وتی: بە هۆی ئەوەی کە ئەمریکییەکان تەنیا بە ڕێکەوتن لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ڕازی نابن و لە لایەکی دیکەشەوە لایەنی ئێرانیش داوای ئەوە دەکات دەسکەوتەکانی پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی بپارێزێت، ئەمەش پیشان دەدات کە لایەنەکان مەودایەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە.
لە گەیاندنی پەیامی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڤیەننا، نێوەندگێڕەکان بەرژەوەندی خۆیان لە بەرچاو دەگرن
قاسم موحبعەلی هەروەها سەبارەت بە کاریگەری دانوستانی ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگێڕ لە گەڵ ئەمریکا، وتی: بە پێی ئەوەی کە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕاستەوخۆ نییە، لە ڕێگای نێوەندگێڕەکانەوە دەکرێت، هەر یەک لەو نێوەندگێڕانەش بەرژەوەندی و داواکاری خۆیان لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن دەخەنەڕوو، ئەمەش تەنیا دەبێتە هۆی درێژەپێدانی ڕەوتی دانوستانەکان.
لێدوانەکەی ئولیانۆف بە پێی ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2015 یە
ناوبراو سەبارەت بە لێدوانێکی میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری ڕووسیا لە دانوستانەکانی ڤیەننا، کە ڕایگەیاندبوو سەنتریفۆژەکانی ئێران یان دەبێت لە ناو ببرێت یان ببرێتە دەرەوەی ئەم وڵاتە و یان لە کۆگایەکی ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە تاراندا بێت، وتی: وەک چۆن کە ئاماژەمدا، ئەگەر بڕیارە ئەوەی کە بە پێی شەش گەڕی پێشووی دانوستانەکان و ڕێکەوتنی ناوەکی 2015 بێت، ئەو لێدوانەی ئولیانۆف دەتوانێت لە گەڵ ناوەڕۆکی ئەو ڕێکەوتنە یەک دەگرێتەوە./.