بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە توێژینەوە پزیشکییەکاندا بەردەوام کاریگەری کەمبوونی ڤیتامین D لە سەر جەستە تاوتوێ کراوە.
توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی کالیفۆڕنیا پیشان دەدات کە کەمبوونی ڤیتامین D مەترسی توشبوونی بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بە دواوە دەبێت.
توێژینەوەکە باس لەوە دەکات کە قەرەبووکردنەوەی کەمبوونی ڤیتامین D بە تایبەت لە بەساڵاچووان دەتوانێت بە ڕێژەیەکی زۆر ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە کەم بکاتەوە و شێوازێکی دڵنیاکەرەوەش، لە ڕێگای ئەو خواردنانەوەیە کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەکە.
چەندین مادەی خۆراکیی وەک زەردێنەی هێلکە، ماسی، قارچک، پەنیر، شیر، دانەوێڵەکان، زەیتی ماسی، ئاوی پرتەقاڵ و ماسی خاویار ڕێژەیەکی زۆر لەم ڤیتامینەیان تێدایە.
توێژەران لەو بڕوایەدان کە بە قەرەبووکردنەوەی کەمبوونی ڤیتامین D بە ڕێژەیەکی زۆر دەتوانێت کۆنتڕۆڵی نەخۆشیی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بکرێت. بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە ساڵانی ڕابردوو بە تایبەت لە نێو میرمنداڵان بووەتە جێی نیگەرانی.
چەندین هۆکاری وەک نەبوونی جوڵە، جگەرەکێشان و خواردنی زۆری گۆشتی سور، ڕۆڵیان لە بەرزبوونەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی قۆڵۆن هەیە.
میوە و سەوزەکانی وەک هەنار، ترێ، هەرمێ، نیسک، قارچک و نۆک پێکهاتەی ئەوەیان تێدایە کە دەتوانن ڕێگری لە هەوکردن و نەخۆشییەکانی ڕیخۆڵە بکەن.
هۆکارەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن:
بوونی پولیپ لە ڕیخۆڵە کە بە گشتی یەکەم قۆناغی دروستبوونی شێرپەنجەیە
هۆکاری ویراسی
تەمەن، بە گشتی کەسانی تەمەن سەروی 50 ساڵ مەترسی نەخۆشییەکەیان لە سەرە، ئەڵبەت ئەم نەخۆشییە گەیشتووەتە کەسانی تەمەن 20 ساڵیش
کێشی زیادە و قەڵەوی
جگەرەکێشان
نەبوونی جوڵە
بەکارهێنانی مادە کحولییەکان
خواردنە چەور و پڕ کالۆرییەکان
نوێترین ئەنجامی توێژینەوە پزیشکییەکان:
توێژینەوەی زانایانی زانکۆی لستر لە بەریتانیا پیشان دەدات کە یەکێک لە پێکهاتەکانی ناو ترێ بە ناوی ڕسوراترۆڵ لە توشبوون بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە ڕێگری دەکات.
توێژینەوەی زانایانی ئەمریکی پیشان دەدات کە بەکارهێنانی ڕۆژانەی ئەسپرین مەترسی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە بە تایبەت شێرپەنجەی قۆڵۆن لە سەدا 40 کەم دەکاتەوە.
لە سوید ئەنجامی توێژینەوەیەک پیشان دەدات کە قەڵەوی و کێشی زیادە لە میرمنداڵی، ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن لە داهاتوودا زیاتر دەکات.
لە زانکۆی کالیفۆڕنیا بەوە گەیشتوون کە خواردنی ڕۆژانەی بیبەر ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کەم دەکاتەوە و ڕێگری لە دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان دەکات.
شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بە سێهەم شێرپەنجەی جیهان و چوارەم هۆکاری مردن بە شێرپەنجەکان دادەنرێت./.