ئەکرەم ئەحمەد ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، ڕایگەیاند: بەر لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە هەرێمی کوردستان تەنیا 3 بەنداو هەبووە کە ئەوانیش بەنداوەکانی دەربەندیخان، دووکان و دهۆک بووە بەڵام دواتر حکومەتی هەرێم 14 بەنداوی بچووک و مامناوەندی درووست کردووە.
ناوبراو وتی: 17 بەنداوی دیکەش لە بواری جێبەجێکردندان و 4 لەو پرۆژانە بەرەو تەواوبوون دەڕۆن، پلانی پێویستیش بۆ درووستکردنی ژمارەیەکی دیکەی بەنداو ئامادە کراوە بەڵام گرفتی کەمبوونی بودجەمان لە پێشە.
ئەکرەم ئەحمەد ڕەسوڵ لە درێژەدا وتی: پرۆژەی درووستکردنی بەنداو پێویستی بە پلانی تۆکمە و بودجەی بەردەوام هەیە کە لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا پارەی پێویست نییە.
وتیشی کە لە هەرێمی کوردستان 250 شوێن بۆ درووستکردنی بەنداو دیاری کراوە کە 18 لەوانەش پرۆژەی گەورە و ستراتیژین بەڵام بە هۆکاری نەبوونی بودجە کاریان تێدا نەکراوە.
ئامادەکردنی: سەردەشت محەممەد