بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەمیر کابوڵۆف نێردەی تایبەتی ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری ئەفغانستان، وتی: مۆسکۆ نیازی فرۆشتنی چەک و پێداویستی سەربازیی بە گرووپی تاڵیبان نییە و ئەوەی لەم بوارەدا بڵاو بووەتەوە درۆ و بێ بنەمایە.
کابوڵۆف کە بەرپرسی فەرمانگەی دووەمی ئاسیای وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاشە، وتی: تەنانەت ناتوانم بیر لەوە بکەمەوە کە ئێمە چەک بە حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بفرۆشین.
ناوبراو وتی: تاڵیبان پێویستی بە چەک نییە لە بەر ئەوەی کە چەکێکی زۆری لە بەردەستە، هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی هەڵهاتنیان لە ئەفغانستان هێندە چەکیان جێهێشتووە کە پێداویستییەکانی سوپای دوو وڵاتیش دابین دەکات.
نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا وتی: دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە کە حکومەتی تاڵیبان بە هۆکاری نەبوونی پارە و قەیرانی دارایی، چەکە بەجێماوەکانی ئەمریکا بە گرووپەکانی دیکە نەفرۆشێت.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڕووسیا، ئەگەر ئەو چەکانە بگاتە دەستی گرووپە تیرۆریستییەکان، لە ناوچە جیاجیاکانی ئاسیا، ئەورووپا و ئەفریقا کارەسات ڕوو دەدات./.