بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە هەر دوو هاوپەیمانی عەزم و تەقەدوم ی سوننە ڕایانگەیاندووە کە لە نێوان محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی سوننەی ئەم وڵاتە ناکۆکییەکی زۆر هەیە.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە نێوان سەرکردەکانی ئەم دوو هاوپەیمانییە بەڕێوەچووە و ڕێکەوتنیان کردووە خولی سەرۆکایەتی حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق دووبارە نەکرێتەوە. لەو کۆبوونەوەدا هەروەها باس لە کاندیدکردنی چوار کەس کراوە و تەنانەت لە ناو هاوپەیمانییەکەی حەلبوسیشەوە دژایەتی ناوبراو دەکرێت.
ئەگەرچی پێشتر باس لە چەند ناوێک وەک مەحمود مەشهەدانی وەک کاندیدی سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، بەڵام بە وتەی سەرچاوەکان لە ئێستادا سوننەکان باس لە کاندیدکردنی یەکێک لە عەلی فەرحان پارێزگای ئەنبار، محەممەد تەمیم وەزیری پێشووی پەروەردەی عێراق، یەحیا محەممەدی وتەبێژی هاوپەیمانی تەقەدوم و فەلاح زیدان وەزیری کشتووکاڵی ئەم وڵاتە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن.
عیسا سایر عیساوی لە ئەندامانی هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانییەکەیان دژی کاندیدکردنەوەی محەممەد حەلبوسییە. ڕاشیگەیاندووە کە ناوی زۆر بۆ کاندیدکردنیان تاوتوێ دەکرێت./.