بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراک، سوودە تەندرووستییەکانی گەڵای زەیتون بڵاو دەکاتەوە کە بەم شێوازەیە:
سوودەکانی بەکارهێنانی گەڵای زەیتون:
یارمەتیدانی دابەزاندنی فشاری خوێن بە هۆی ڕێگەگرتن لە کۆبوونەوەی چەوری لە سەر دیواری ناوەوەی خوێنبەرەکان.
یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی شەکرە و دابەزاندنی شەکرەی خوێن دەدات لە گەڵ یارمەتی خۆپاراستن بە توشبوون بە نەخۆشی شەکرە.
بەهێزکردنی تەندرووستی دڵ و یارمەتی خۆپاراستن دەدات لە جەڵتەی دڵ و مێشک و نەخۆشی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان.
یارمەتی دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خەراپ دەدات.
بەهێزکردن و چالاککردنی بەرگری جەستە، لە بەر ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە مادە دژە ئۆکسانەکان.
خۆپاراستن لە چەندین جۆری شێرپەنجە و کەمکردنەوەی تەشەنەکردن و گەشەی خێرای خانە شێرپەنجەییەکان.
یارمەتی کەمکردنەوەی ئاوسانی سک و کەمکردنەوەی غازات و قەبزی بە هۆی چالاککردنی کۆئەندامی هەرس.
بەهێزکردنی تەندرووستی مێشک و دەمار و یارمەتی کەمکردنەوەی ئەگەری پارکینسۆن و ئەلزەهایمەر و ئەگەری دووبارەبوونەوەی جەڵتەی مێشک.
بەسوودە بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئازاری جومگەکان بە تایبەت لە نەخۆشی ڕۆماتیزوم و ئازاری تەشەنونج و گرژبوونی ماسولکەکان.
یارمەتی زیادکردنی ڕێژەی میتابولیزم و خێراکردنی سوتانی چەوری و دابەزاندنی چەوری.
شێوازی بەکارهێنانی گەڵای زەیتون:
چەند گەڵایەک لە ناو ئاودا بکوڵێنرێت و وەک چاو بخورێتەوە بۆ ڕۆژێ دوو یان سێ جار.
بە شێوەی کەپسول لە ڕێگای کارگەی ڕێگەپێدراو پوختەی گەڵای زەیتون بەرهەم دەهێنرێت و پێکهاتووە لە کۆمەڵە سوودێک بە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە ژێر سەرپەرشتی تیمی تایبەت و پشکنینی کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
زیانەکانی گەڵای زەیتون:
ژەهراویبوون بە هۆی پیسبوونی گەڵای زەیتون بە مادەی قەڵاچۆکردنی دژە میرومەگەز و بوونی مادەی زیانبەخشی ناو پەینی کیمیاوی ڕێگەپێنەدراو لە ناو خودی گەڵاکان.
سکچوون ئەگەر هاتوو بە سکی ناشتا بخورێتەوە.
گێژی و سەرگێژخواردن و سەرئێشە.
کارلێک کردن لە گەڵ هەندێک دەرمان بە تایبەت دەرمانی چارەسەری نەخۆشی شەکرە و بەرزی فشاری خوێن ئەگەر بێ سەرپەرشتی و چاودێریی پزیشک بخورێت./.