بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونیی لە گەڵ ئەنتۆنیۆ گۆترش سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەننا و چەندین پرسی هاوبەشی دیکە بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: شاندی دانوستانکاری ئێرانی بە دەستپێشخەری و دەسەڵاتی پێویستەوە لە دانوستانەکانی ڤیەننا بەشدارە و بە جیدی هەوڵی گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش دەدات.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: نەبوونی هیچ پێشنیار و دەستپێشخەرییەک لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە هۆکاری سستبوونی دانوستانەکان هەژمار دەکرێت و ئێران تا ئێستا لە سەر هەڵگرتنی گەمارۆکان و پرسی ناوەکی دوو دەقی پێشنیارکراوی خۆیی خستووەتەڕوو، دەقەکانیش پشت بە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنی ناوەکی دەبەستێت و لە دەرەوەی ئەو ڕێکەوتنەش داواکارییەکمان نەبووە و هیچ بەڵێنێکیش لە دەرەوەی ڕێکەوتنەکە بە هەمان شێوە قبووڵ ناکەین.
ناوبراو وتی: ئێران لە دانوستانەکاندا پێشنیاری باشی خستووەتەڕوو کە دەتوانێت بنەمای ڕێکەوتنێکی بەردەوام بێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە ڕێکەوتنی هاوبەش لە گەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، وتی: ئێمە بە نیازپاکی و دەستپێشخەرییەوە هەوڵی گەیشتن بە ڕێکەوتن دەدەین بەڵام بە هیچ شێوازێک زمانی هەڕەشە قبووڵ ناکەین و لایەنەکانی ڕۆژئاواش دەبێت بزانن کە زمانی هەڕەشە لە بەرامبەر ئێران ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت./.