ئەمین بەکر، ئەندامی خولی سێهەمی پەرلەمانی عێراق، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی کە هاوسەنگی هێز لە کوردستان تێکچووە، بە تایبەت لە نێوان یەکێتی و گۆڕان بەرامبەر بە پارتی و لەم دۆخەشدا پارتی هەوڵی ئەوەیداوە کە لایەنەکانی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بن نەک ئەوەی لە گەلیان هاوکار و هاوبەش بێت.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردی لە پەرلەمانی عێراق بە چی دەزانن؟
هۆکاری پێکنەهێنانی هاوپەیمانییەک لە لایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە لە بەغدا بۆ تێکچوونی هاوسەنگی هێز لە کوردستان دەگەڕێتەوە، لە خولەکی پێشوو هێزە کوردییەکان تا ڕادەیەک لە ڕووی ژمارەی کورسی پەرلەمانییەوە لێک نزیک بوون، بە تایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی و تا ڕادەیەکیش بزوتنەوەی گۆڕان، بەمەش دەیانتوانی لە بابەتە گرنگ و چارەنووسسازەکاندا قسەی خۆیان یەکبخەن و وەک یەک بەرەی کوردستان دەربکەون. لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەدا هاوسەنگییەکە نەماوە، لە ڕووی دەنگ و ژمارەی کورسی و کاریگەرییەوە. ئەمەش زیاتر یەکێتی و گۆڕانی گرتووەتەوە، لەم دۆخەدا پارتی هەوڵ دەدات هێزەکانی دیکە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە نەک ئەوەی هاوکار و هاوبەشی بن، لە گەڵ ئەمەش خزمەت بە دروستبوونی یەکڕیزی ناکات، لە لایەکی دیکەوە لایەنە سیاسییە عێراقییەکان تا ئێستا لە سەر بنەما سەرەکییەکان ڕێکنەکەوتوون و ڕایانگەیاندووە کە مامەڵە لە گەڵ هێزێک لە دژی ئەوانی دیکە ناکەن.
ئەو ململانێ ناوخۆییانەی لە کوردستان دەبینرێت تا چەندە ڕێگری لە سەرکەوتنی وتووێژی لایەنە کوردستان لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق دەکات؟
شێوازی وتووێژ و دانوستانی لایەنە کوردستانییەکان لە گەڵ لایەنە عێراقییەکان پڕە لە هەڵە و کەموکورتی، پێش ئەوەی بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی کەسێتی و حیزبی لە گەڵ لایەنە عێراقییەکان وتووێژ بکرێت دەبێت پێداگر بن لە سەر بە دەستهێنانی مافە گشتییەکانی خەڵکی کوردستان، ئەمەیە بابەتی سەرەکی نەک بەدەستهێنانی پلە و پۆستەکانی عێراق. لایەنەکانی کوردستان زیاتر گرنگییان بە وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی عێراق داوە نەک چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدەستهێنانی مافە گشتییەکانی کورد لە عێراق.
ئەو دۆخە سیاسییەی ئێستای عێراق بە تایبەت ناکۆکییەکانی نێوماڵی شێعە تا چەندە لە بەرژەوەندی کوردە، بە واتایەکی دیکە کورد تا چەندە هەوڵیداوە سوود لە ململانێ ناوخۆییەکانی نێوماڵی شێعەی عێراق وەربگرێت؟
کاریگەری وڵاتانی دەرەوە لە سەر کورد وایکردووە لەوەدا لاوازتر بێت کە بتوانێت سوود لەو ململانێیە وەربگرێت و هەنگاو بەرەو مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بنێت، کورد لە دەرەوە وەستاوە و چاوەڕێی ئەوە دەکات کە لایەنە شێعەکان لە نێو خۆیاندا ڕێکبکەون و ئەو کات ئەویش بگاتە ڕێکەوتن لە گەڵ ئەوان.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد