بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: چاوەڕوان دەکرا بە هەوڵ و هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس، تێڕوانینێکی نوێ لە لایەن ئەم ئەنجومەنەوە سەبارەت بە هاوکارییە ناوچەییەکان ببینین.
ناوبراو داوای لەو وڵاتانەی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس کرد کە بەردەوام خۆیان لە پشتەوەی ئەنجومەنەکە حەشار دراوە و هەڵوێستە نەرێنییەکانی خۆیان بە ناوی ئەنجومەنەوە بڵاو دەکەنەوە، پێداچوونەوە بە تێڕوانین و هەڵوێستی خۆیان لە سەر پرسەکانی ناوچەکە بکەن و ڕێگای هاوکاری بکەنەوە جێگرەوەی تۆمەتە بێ بنەما و هەمیشەییەکان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بەداخەوە بەردەوامی شەڕی یەمەن، زیاتربوونی دەستێوەردانە سەربازییەکان و هاتنی ڕژێمی زایۆنیستی وەک لایەنێکی تێکدەری ئاسایش و سەقامگیری، هەڕەشە لە ناوچەکە دەکات و تاران بەردەوام نیگەرانی خۆیی لەم بوارەدا ڕاگەیاندووە.
خەتیب زادە وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ دەستێوەردانێک لە پلانی ناوەکی ئاشتیخوازانە و پلانی مووشەکی و کاروباری هاوپەیوەند بە سیاسەتی سەربازی و بەرگریی خۆی قبووڵ ناکات.
ناوبراو جەختی لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە و وتی کە هەر سێ دوورگەی ئاماژەپێدراو لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بە خاکی ئێران دادەنرێت و ئەم هەڵوێست و دەستێوەردانانە ڕەتدەکرێتەوە و هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ڕاستییە یاسایی و مێژووییەکانی نابێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: کابینەی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی تێڕوانینی ستراتیژی و بنەما سیاسییەکانی خۆی بەردەوام هاوکاری و نزیکبوونەوەی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ وەک چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە داناوە و لە هەر هەوڵێک لەم پێناوەدا و بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان لە سەر بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشوازی دەکات./.