بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە گەلەری کەریم چاوشین لە شاری سلێمانی، پێشانگایەکی شێوەکاریی خۆبوون کرایەوە، کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژییەوە ڕێکخراوە و حەوت ژن بەرهەمەکانیان تیا نمایشکردووە.
یەکێک لەو کارە هونەریانەی لە پێشانگاکەدا نمایشکرابو، لەچکی کۆچبەر بوو، کە لەچکێکی سووری دایکێکی کۆچبەرە و وەک هێمایەک بۆ جەنگ و توندوتیژیی پێناسە کرابوو، کە بەرهەمی هونەرمەند ڕۆژگار محەمەد بوو.
بەرهەمێکی دیکەی پێشانگاکە هونەری ژولیا فەرهاد بوو، بە شێوەی ڤیدیۆیی، کە ژنێک دەردەکەوێت لە ١٢ خولەکدا ٨٠ گرێ لەو پەڕۆیانە دەکاتەوە، کە لە سەر بینای چاوەکانی داندراوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ ڕێگریەکانی کۆمەڵگایەکی پیاوسالاری کە ئاستەگ بۆ بینایی ژنان دروست دەکەن، هەمان کات کردنەوەی گرێکان وەک هێمایەک بۆ بەردەوامیدان بە تێکۆشان بەرامبەر سیستەمی پیاوسالاریی.
ساکار فاروق بە بەرهەمێکی ئۆرگانی جەستەی مرۆڤ-ی نمایشکردبوو، بە ناوی “بوون”، کە بریتییەک لە ویڵاش-ێک، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ویڵاش ئەو پارچە گۆشتەی کە منداڵ و منداڵدان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هاوڕێی کۆرپەیە لە ژیاندا، هەتا هەناسەی یەکەم دەدات.
یەکێکی دیکە لە نمایشەکان دەستەسڕێکی خوێناویی بوو، کە لەلایەن ژنە هونەرمەندی باکوری کوردستان زەهرا دۆغانەوە نمایشکرابوو، دەستەسڕەکە لەناو زیندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە خوێنی سووڕی مانگانەی خۆی تابلۆی هونەریی لەسەر کێشاوە، ئەمەش کاربەدەستانی زیندانی تووڕە کردووە و چەندین جار لەسەر چالاکییە هونەرییەکانی ئەشکەنجە دراوە.
پێشانگای خۆبوون لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕێکخراوە و بڕیارە تا ڕۆژی ١٨ی١٢ی ٢٠٢١ بەردەوام بێت