بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینگەی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە سەر کۆبوونەوەی ناوبراو لە گەڵ شاندێکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردەوە.
لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە میکانیزمی چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی ئێستا و دەرچوون لەم قەیرانە لە پێناو مسۆگەرکردنی دواکارییەکانی گەلی عێراق بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.
عامری بە شاندەکەی پارتیی ڕاگەیاندووە کە ئەو بەڵگانەی ڕادەستی دادگا کراوە، بۆ سەلماندنی تەزویر و ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنەکەی عێراق تەواوە.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح وێڕای پێشوازیی لە سەقامگیری هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە کە سەقامگیریی دۆخی هەرێم کاریگەریی لە سەر پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش دەبێت.
لەو کۆبوونەوەدا هۆشیار زێباریش وتی: هەڵوێستی ئێمە ڕوونە، ئێمە بێلایەنین، ئێمە خاڵی هاوبەشمان هەیە و دەبێت بە پێی ئەو هاوبەشییە لە گەڵ یەکتر هاوکاری بکەین./.