بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە، پێشوازیی لە سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕیاز کرد و بە نوێنەرایەتی باوکی بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکدا کرد کە شای بەحرەین، میری قەتەر، جێگری سەرۆکی ئیمارات، جێنشینی کوێت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عۆمان تێیدا بەشدارییان کرد.
بەرپرسانی سعوودیە هێشتا هۆکاری ئەوەیان ڕوون نەکردووەتەوە کە بۆ سەلمان بن عەبدولعەزیزی تەمەن 85 ساڵە بەشداریی لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس نەکردووە.
چاودێرانی ڕەوشی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی سعوودیە ڕایانگەیاندووە کە نەبوونی سەلمان بن عەبدولعەزیز پیشاندەری پێدانی بەرپرسیاریەتی زیاترە بە جێنشین و بە کردەوە گواستنەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ ڕووی داوە.
مەلیک سەلمان لە ماوەی 20 مانگی ڕابردوو تەنیا یەک جار دەرکەوتنی گشتیی هەبووە و لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری نیۆمدا ماوەتەوە و دوایین سەردانیشی لە ئابی 2020 بۆ نەشتەرگەرییەک لە ڕیاز بووە.
هەروەها دوایین چاوپێکەوتنی لە ماوەی 5 مانگی ڕابردوو و لە گەڵ دومینیک ڕاب وەزیری دەرەوەی پێشووی بەریتانیا بووە.
بەشێک لە بەرپرسانی پێشووی سعوودیە ڕوونیان کردووەتەوە کە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا کەمتر ڕووی داوە شا لە پێشوازی لە هاوتایانی ئەورووپی و عەرەبیی خۆی دیار نەبێت.
لە ئێستادا مەلیک سەلمان زۆر بە کەمی ئیش و کارەکانی ڕایی دەکات و زۆربەی کار و بەرپرسیاریەتییەکان بە کردەوە دراوەتە محەممەد بن سەلمانی جێنشین.
مەلیک سەلمانی تەمەن 85 ساڵە لە پاش مردنی مەلیک عەبدوڵڵای زڕبرای گەیشتە دەسەڵاتی سعوودیە و لەو کاتەوە هەواڵی جۆربەجۆر لە سەر دۆخی تەندرووستیی بە تایبەت توشبوونی بە جۆرێک لە نەخۆشیی ئەلزهایمەر بڵاو بووەتەوە./.