بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی ساڵۆگەڕی دامەزرانی بزوتنەوەی حەماس، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە، وێڕای پیرۆزبایی ئەم بۆنەیە، جەختی لە سەر پاڵپشتیکردنی خۆڕاگری ڕەوای گەلی فەڵەستین لە لایەن تارانەوە کردەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بزوتنەوەی حەماسی بە پێشەنگی خۆڕاگری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی قودسی پیرۆز ناو برد و وتی: ئەمڕۆ خۆڕاگری ڕۆڵی سەرەکیی لە مسۆگەرکردنی مافە مێژووییەکەی گەلی فەڵەستیندا هەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بە بڕیارەکەی ئەم دواییەی حکومەتی بەریتانیا بۆ بە تیرۆریست ناساندنی بزوتنەوەی حەماس، بە بڕیارێکی سیاسی و لە دژی گەلی فەڵەستین ناوی برد.
وتیشی: ڕژێمی تەزویری زایۆنیستی بە هۆکاری سەرجەم کێشەکانی ناوچەکە دادەنرێت و ئەو ژمارە زۆر کەمەش لە وڵاتانی ناوچەکە کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئەو ڕژێمە ئاسایی کردووەتەوە، لە دژی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە و جیهانی ئیسلام هەنگاو دەنێن.
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسیش لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا، یاد و بیرەوەرییەکانی شەهید حاجی قاسم سولێمانیی بەرز نرخاند و وتی: بەردەوام وەک شانازییەک باسی شەهید سولێمانی دەکەین و دەستخۆشی لە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو بۆ خۆڕاگری گەلی فەڵەستین دەکەین.
ئیسماعیل هەنیە وێڕای ئیدانەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: پێمان باش نییە کە دەرگای وڵاتانی عەرەبی بە ڕووی بکوژانی زایۆنیست کە دەستیان بە خوێنی خەڵکی فەڵەستین تێکەڵ کردووە، بکرێتەوە.
وتیشی کە ئەم سیاسەتە شکست دێنێت، لە بەر ئەوەی کە ئیرادەی گەلانی ناوچەکە بەهێزترە و دەتوانێت شکست بەم جۆرە سیاسەتە بێنێت./.