بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەی 6 وڵاتی عەرەبی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس، ئەمڕۆ سێ شەممە 14 ی کانوونی یەکەم ی 2021، لە پایتەختی سعوودیە بەڕێوە دەچێت. لە ڕۆژانی ڕابردوودا محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە لە سەردانێکدا بۆ 5 وڵاتی ئەندام لەو ئەنجومەنە هەوڵی ئەوەیدا سەرکردەی ئەو وڵاتانە خۆیان بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ڕیازدا بکەن.
ڕۆژنامەی سعوودیی شەرقولئەوسەت کۆبوونەوەکەی ڕیازی وەک کۆبوونەوەی ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکان و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان لە پێناو پتەوکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە بکات.
بڕیارە شێخ تەمیم بن حەمەد میری قەتەر و حەمەد بن عیسا ئالی خەلیفە شای بەحرەین بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ڕیازدا بکەن و وڵاتانی دیکەش لە ئاستی نوێنەراندا بەشدارییان هەبێت، بە بۆچوونی شارەزایان پێشوازی سارد لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بۆ ناکۆکییە ناوخۆییەکان و بێ کاریگەربوونی بڕیارەکانی ئەنجومەنەکە دەگەڕێتەوە.
فەهەد بن مەحمود ئالی سەعید بە نوێنەرایەتی سوڵتانی عۆمان، مەشعەل ئەحمەد سەباح جێنشینی کوێت بە نوێنەرایەتی لە میری ئەو وڵاتە و محەممەد بن ڕاشد لە لایەن ئیماراتەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ڕیازدا بکەن.
فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەکەی ڕیاز لە هەلومەرجێکی هەستیاردا بەڕێوە دەچێت و بابەتی گرنگی هاوپەیوەند بە ئاسایشی ناوچەکەی تێدا تاوتوێ دەکرێت./.