بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەڵەستین (حەماس) ڕۆژی سێ شەممە، 14 ی کانوونی یەکەمی 2021، لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ساڵۆگەڕی دامەزراندنی جەختی لە سەر یەکگرتوویی ڕاستەقینەی فەڵەستین و داڕشتنی پلانێکی یەکگرتووی خەباتی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن خەڵک و سەرجەم لایەنەکانەوە کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: خۆڕاگری هەمەلایەنە و بە تایبەت خۆڕاگری چەکدارانە تەنیا ڕێگای وەرگرتنەوەی ماف و ئازادکردنی خاک و پیرۆزییەکانی فەڵەستینە، سەرجەم هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی سازشت لە گەڵ ڕژێمی داگیرکار بە بەتاڵ دەزانین و ئەو هەوڵانەش تەنیا بێهیوایی بە دواوە بووە.
حەماس ڕایگەیاندووە کە هیچ هەنگاوێک لە دژی قودس و مزگەوتی ئەقسا قبووڵ ناکرێت و هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستیش لە پێناو درووستکردنی شارۆچکەکان، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکان، دابەشکردنی مزگەوتی ئەقسا و لەناوبردنی ئاسەوارە مێژووییەکان و گۆڕینی ڕاستییەکان سەرکەوتوو نابن و قودس پایتەختی هەمیشەیی فەڵەستین دەمێنێتەوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و واژۆکردنی ڕێکەوتنی هاوبەش، تاوانێکی بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان و پێشێلکردنی یەکڕیزی عەرەبی و ئیسلامی.
حەماس بە ئاماژە بە بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیا بۆ بەتیرۆریست ناساندنی ئەم بزوتنەوەیە، داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە واز لەم سیاسەتە هەڵە و پاڵپشتییەی ڕژێمی زایۆنیستی بێنن.
بزوتنەوەی حەماس لە 14 ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1987 لە لایەن چەند سەرکردەیەکی ئیخوان موسلمین لە کەرتی غەززە دامەزرا کە ئەحمەد یاسین لە دیارترینی ئەو سەرکردانە بووە./.