بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندووە کە هەژاری لەم وڵاتە بە هۆی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵانی ڕابردوو ڕووی لە زیادبوون کردووە و لە ئێستادا هەوڵی داڕشتنی ستراتیژێک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەدرێت.
عەبدولزوهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند کە ئەو ستراتیژەی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری بۆ ساڵانی 2024 تا 2027 دەبێت کە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئامادەکارییە و گرنگی بەو گۆڕانکارییانە دەدات کە لە پاش قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆمەڵگای عێراقدا دەبینرێت.
لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراقدا هاتووە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار کەسی لە عێراق خستووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
سەباح جوندی مەنسور بەڕێوەبەری گشتی بەشتی ستراتیژی لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، وتی: دۆخی ناسەقامگیری عێراق وای لە ئێمە کردووە ئامادەکاری بۆ پلانێکی پێنج ساڵە بکرێت بە تایبەت ئەوەی کە پلانی ستراتیژیی ئێستا کە نیازی ئەوەی هەبوو ڕێژەی هەژاری تا دوو ساڵی داهاتوو بە ڕێژەی لە سەدا 25 دابەزێنێت بە هۆی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی نرخی نەوتەوە ڕاگیراوە.
ناوبراو وتی: قەیرانی کۆرۆنا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە سەدا 20.05 لە ساڵی 2018 بۆ لە سەدا 31.7 لە ساڵی 2021 و بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەمەش لە وەزارەتی پلاندانان گرنگی بە ناوچە پشتگوێخراوەکان و پڕکردنەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان لەو ناوچانە دەدرێت.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، بەرپرسانی عێراقی جەختیان کردووەتەوە کە گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لەم وڵاتەیە. کازم شمەری ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق وتی: بنەمای سەرەکیی چارەسەرکردنی کێشەکان، تاوتوێکردنی هۆکارەکان و ڕەگ و ڕیشەی یەک کێشەیە بەڵام وەزارەتی پلاندانان تەنیا کێشەکان بە بێ داڕشتنی میکانیزمی چارەسەرکردنی ڕادەگەێنێت.
ناوبراو وتی: دیاردەی هەژاری، گرنگ و مەترسیدارە و هەمووان لێی بەرپەسیارن بە تایبەت ئەوەی کە دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئاستی پەروەردە و دۆخی بژێوی ژیان دەبوو لە ساڵی 2020 باشتر بێت یان بە تەواوی چارەسەر بکرێت بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویداوە.
شمەری وتی: چارەسەرکردنی دیاردەی هەژاری پێویستی بە هەوڵێکی زۆر گەورە و بەردەوام هەیە، دەبێت لە داهاتی زیادەی هەناردەی نەوت بۆ جێبەجێکردنی پلان و پرۆژە ستراتیژییەکانی گرنگ لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان کەڵک وەربگیرێت بەڵام گەندەڵی و قەیرانی سیاسی، هۆکاری پەرەسەندنی هەژارییە و کۆرۆناش وەک هۆکارێکی لەناکاو پەرەی بە هەژاری لە عێراق داوە.
لە لایەکی دیکەوە، باسم جەمیل نەتوان شارەزای کاروباری ئابوریی عێراق وتی: هەژاری ئەنجامی گەندەڵی و سیاسەتی هەڵە بووە و لە ئێستادا پێویستمان بە ڕێکار و پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە پێناو ڕەخساندنی هەلی کار و پاڵپشتی لە پرۆژە بچووکەکان بۆ هەژاران و بێکاران و داڕشتنی پلانە درێژخایەنەکان هەیە./.