جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ئامانجێکی تایبەت، میوانداریی لە سەرکردەی وڵاتانی بە ناو خاوەن دیمۆکراسی کرد. وەک چۆن کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند ئامانج لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە، دابینکردنی دەرفەتێک بۆ سەرکردە بەشداربووەکان لە پێناو ئاشکراکردنی هەڵوێست و وتاری ئەوان لە سەر پابەندبوونەکان، چاکسازییەکان و پلانە کەسی و گرووپییەکان بۆ بەرگری لە دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و داوای پلانێکی کرداری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دیکتاتۆریەت و گەندەڵی و پتەوکردنی ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ بووە.
سەبارەت بە ئامانجە سەرەکییەکانی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنفرانسە دەتوانین بڵێین کە ئامانجەکان لە ئاستێکی دیاریکراودا بووە و ئەو هیوایەی بە دواوە دەبێت کە هەندێک لە ئاستی جیهاندا گرنگی بە دیمۆکراسی، ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ لە ناوچە جیاجیاکان دەدەن. ئەوانەی بەدواداچوونیان بۆ کۆنفرانسەکە کردووە، مافی ئەوەیان هەیە پرسیار بکەن کە ئەمریکا خوازیاری کام جۆرە دیمۆکراسییە؟ و هەوڵی مسۆگەربوونی کام مافی مرۆڤ دەدات و بۆ دەستەبەرکردنی ئازادییەکان و مافی مرۆڤ دەیەوێت ڕوبەڕوی کام وڵات و دەسەڵات و سەرکردەکان ببێتەوە؟ هەروەها نیازی ڕوبەڕوبونەوەی دیکتاتۆرەکانی کام ناوچەی جیهانی هەیە؟
پێش هەموو شتێک و بە تێڕوانینێکی خێرا لە سەر میدیاکانی ئەمریکا بەوە دەگەین کە یەکەم کۆنفرانسی سەرکردەی وڵاتانی بە ناو خاوەن دیمۆکراسی لە سەردەمی سەرۆکایەتی بایدن، پێش ئەوەی بەڕێوە بچێت، شکستی هێنا.
ئەو هەموو ڕەخنە ناوخۆییەی ئەمریکا لە کۆنفرانسەکە سەلمێنەری ئەمەیە. یەکەم کاردانەوەی بەهێز لە بەرامبەر کۆنفرانسەکە، پرسیار سەبارەت بەو وڵاتەیە کە میوانداریی کردووە. لە بەر ئەوەی کە وڵاتی میوان خاوەنی سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانە لە دژی موسڵمانان، ئەمریکییە بە ڕەگەز ئەفریقییەکان و پەنابەرانی دیکەیە کە بەردەوام ڕووداو و نموونەکانی پێشێلکردنی مافی ئەو کەمینانە لە ناوخۆی ئەمریکا هەرای ناوەتەوە. لە میانەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی ئەمریکا بە دەیان نموونە بینرا کە ئەمریکا لە وڵاتانی دیکە بەردەوام ڕەخنە لە ڕوودانی ئەوان دەگرێت.
بەڵام ئەستەمە واشنتن بتوانێت بۆ ئەو پرسیارانە وەڵامێک بدۆزێتەوە، بە هۆی ئەوەی کە بەشی هەرە گەورەی سیاسەتی ئەمریکا لە سەر بنەمای پەیوەندی و هاوکاری لە گەڵ ئەو دەسەڵات و سەرکردانەی جیهانە کە تەنانەت کەمترین بنەماکانی دیمۆکراسیەتی خوازیاری واشنتن لای ئەوان بەدی ناکرێت، نموونەی ئەمەش سعوودیەی هاوپەیمانی ئەمریکایە کە تا ئێستا هەڵبژاردنێکی تێدا بەڕێوە نەچووە و لە سەر دەستی بن سەلمانی سەرکردەی، ڕۆژنامەنووس بە دڕندانەترین شێواز تیرۆر و تەرمەکەی پارچە پارچە دەکرێت و ئەمریکا لە بەر دۆلارە نەوتییەکانی هیچ کاردانەوەیەکی ڕاستەقینەی لە بەرامبەر ئەو هەموو تاوانە نەبووە.
ئایا کۆنفرانسی لوتکەی دیمۆکراسی بە بەشداری وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا و دۆستی واشنتن ویستی ئەوەی هەبووە کە چارەنووسی ئەو هەموو زیندانییە ڕوون بکاتەوە کە تەنیا لە بەر پێداگرییان لە سەر ئازادی ڕادەربڕین، کەوتوونەتە گرتووخانەکان؟ ئایا بەشداربووانی کۆنفرانسەکە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە شەڕی یەمەن و برسیکردنی خەڵک و کوشتنی خەڵکی بێ تاوان و ئاوارەکردنی ژن و منداڵ و ڕێگری لە گەیشتنی خۆراک و دەرمان بۆ ئەوان پرسیاریان کردووە؟
ئەو دیمۆکراسییەی کە ئەمریکا و سەرۆکەکەی باسی دەکەن نموونەکەی تەنیا لە ڕژێمی زایۆنیستی و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا هەیە. ئەمریکا بەردەوام لەم ئامرازە لە دژی ئەو وڵاتانە دژی سیاسەتەکانی واشنتنن کەڵکی وەرگرتووە، بە بێ ئەوەی کە خۆی خاوەنی دیمۆکراسی، ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ بێت، بەردەوام وڵاتانی دژبەری واشنتن بەم دەستەواژانە تۆمەتبار دەکات و بە هۆکاری بێ بنەما گەمارۆ و سزاکان بە سەر ئەواندا دەسەپێنێت.
دیمۆکراسیەتی ئەمریکا نموونە هەرە ڕوونەکەی لە واشنتن و لای ڕژێمەکانی وەک ئیسرائیل و سعوودیەی تاوانبار لە شەڕی یەمەن دەبینرێت، هەر بۆیە ئەگەر ئەمریکا خۆی بە خاوەن و پاڵپشتیکاری دیمۆکراسی لە سەر ئاستی جیهان دەزانێت دەبێت فاتیحەیەک بۆ دیمۆکراسی بخوێنین./.









