بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە گەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا دوایین دۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کرا.
مەکگۆرک لەو کۆبوونەوەدا پابەندبوونی ئەمریکای بە ڕێکەوتنی ستراتیژی لە گەڵ عێراق دووپات کردەوە و وتی: ئەمریکا بە پێی ئەو ڕێکەوتنە، لە زەوی و ئاسمان و ئاوەکانی عێراق لە دژی وڵاتانی دراوسێ کەڵک وەرناگرێت.
ناوبراو جەختی لە سەر پاڵپشتیکردنی هێزەکانی عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆردا کردەوە و وتی: ئەمریکا هەڕەشە لە دژی هیچ وڵاتێک نییە و دوژمنی هاوبەش تەنیا گرووپی تیرۆریستی داعشە.
سەردانەکەی مەکگۆرک بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە بڕیارە بە پێی ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن سەرجەم هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگەدا خاکی عێراق بە جێ بێڵن بەڵام فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕایگەیاندووە کە کشانەوەیەک نییە و تەنیا ئەرک و ڕاسپاردەی هێزەکان بۆ ڕاوێژکاری و مەشق و ڕاهێنان دەگۆڕدرێت، ئەمەش بە بۆچوونی گرووپەکانی خۆڕاگری عێراق تەنیا پاساوێکە بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا./.









