بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وتەبێژی تاڵیبان داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە پاکستان، دان بە حکومەتی ئەم گرووپە لە ئەفغانستاندا بنێن.
زەبیحوڵڵا موجاهید ڕایگەیاند کە تاڵیبان هەوڵی پەیوەندییەکی زۆر باش لە گەڵ ئەندامانی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی دەدات و ئەم وڵاتانە دەبێت حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بە فەرمی بناسن.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی تاڵیبان، تا ئێستا هیچ وڵاتێک حکومەتەکەی ئەم گرووپەی لە ئەفغانستان بە فەرمی نەناسیوە، تەنانەت پاکستانیش کە زۆرترین و نزیکترین پەیوەندیی لە گەڵ تاڵیبان هەیە.
وڵاتانی ناوچەکە و جیهان ڕایانگەیاندووە کە مەرجی بە فەرمی ناسینی حکومەتەکەی تاڵیبان، ئەوەیە کە حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان پێک بهێندرێت و ژنان و کچانی ئەفغانی مافی خوێندن و بەشدارییان لە چالاکییەکانی کۆمەڵگادا هەبێت./.