بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دامەزراوەی نێودەوڵەتی زانیاری ئەنجامی توێژینەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا نیوەی مانگی تشرینی دووەم، زیاتر لە 77 هەزار کەس لە لوبنان بە هۆی قەیرانی دارایی و دژواربوونی ڕەوشی ژیانەوە کۆچیان کردووە.
لەو توێژینەوەیەدا هاتووە کە قەیرانی دارایی و ڕەوشی نالەباری ژیان وای لە خەڵکی لوبنان کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لەوان بە ئامانجی بە دەستهێنانی هەلی کار و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، کارەبا و تەندرووستی، خاکی ئەم وڵاتە بە جێ بێڵن.
بە پێی ئەو ئامارەش، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە سەرەتای ساڵی 2021 تا نیوەی مانگی تشرینی دووەم ڕوویان لە هەندەران کردووە، گەیشتووەتە 77 هەزار و 777 کەس. ئاماری ساڵی 2020 ی لوبنان 17 هەزار و 721 کەس بووە.
لە ساڵی 2018 تا 2021، بە گشتی 195 هەزار و 433 کەس لە لوبنان وڵاتی خۆیان بە جێهێشتووە./.