بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە بێ ئەوەی کە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراقدا دەمێننەوە و کشانەوەیەک نەکراوە و تەنیا ئەرکی ئەو هێزانە گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە.
ڕاشیگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا وەک ڕابردوو سەرجەم چەک و کەرەستەکانی سەربازییان لا ماوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هیچ کشانەوەیەکی هێزەکان نەکراوە و تەنیا ئەرک و ڕاسپاردەی 2500 سەربازی ئەمریکی وەک هێزێکی شەڕکەر بۆ ڕاوێژکاری و مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی عێراق گۆڕاوە.
بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەوەی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەکرێت ڕۆتینی هەندێک لە یەکە سەربازییەکانە کە پێشتر هەماهەنگی و دیاریکردنی کاتی لە سەر کراوە.
پێشتر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندبوو کە 2500 سەربازی ئەو وڵاتە لە عێراقدا دەمێننەوە.
لە بەرامبەردا، فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تەواوی تا پێش کۆتایی ئەم مانگە خاکی عێراق بە جێ دێڵن./.