بەپێی ڕآپۆرتی جام کوردی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی هەموو ساڵێک لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵیش لە پێنجەمین خولیدا لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی بە مەراسیمێک دەستپێدەکات و لە حەوت ڕۆژدا ١٤٥ فیلم نمایش دەکرێن و سیتی سینەماش دەبێتە سەکۆی نمایشکردنی فیلمەکان.
شەهێن سابیر، وتەبێژی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی ڕایگەیاند: لەکۆی سێ هەزار فیلم، ١٤٥ فیلمی دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی بەشداریی لەم خولەی فێستیڤاڵەکەدا بکەن. جگە لە کوردستان ٣٥ وڵاتی تر لەم فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەدا بەشداری دەکەن.
ئەو ١٤٥ فیلمەی بەشداریی لە خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیی دەکەن، دابەشدەبن بە سەر جۆرەکانی فیچەر فیلم، کورتە فیلم، بەڵگە فیلم، ئەنیمەیشن و فیلمی درێژ.
١٧ خەڵات لە بواری جیاجیای وەک باشترین فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەر، باشترین وێنەگر تەرخانکراون و دەبەخشرێن بە بەرهەمهێنەران و ئەکتەرانی فیلمەکان.
وتەبێژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی ڕایگەیاند: هەوڵمانداوە باشترین فیلمیستەکان بانگهێشتی فێستیڤاڵەکە بکەین، بەڵام لەئێستادا ناو ئاشکراناکەین.
دوو لەو فیملمانەی لە کوردستانەوە بەرهەمهێندراون و ناوەڕۆکەکەیان بریتییە لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی کورد، فیلمەکانی« وەرزی تووتڕک» لە دەرهێنانی هاشم ئایدەمیر و «ژ بۆ ئازادی» لە دەرهێنانی ئەرسین چەلیک-ن.
بەپێی کارنامەی فێستیڤاڵەکە، ئەمساڵ دوو پانێڵ لەبارەی پیسبوونی ژینگە و کۆچەوە لە پەراوێزی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیی نمایشدەکرێن، شەهێن سابیر دەڵێت: یەک لە پانێڵەکان پەیوەندی بە پیسبوونی ژینگەوە هەیە بەدروشمی ‘شێرپەنجەی زەوی’ و لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش قسەی لەسەر دەکرێت، هەروەها سیمینارێکی دیکەشمان لەبارەی کۆچەوە هەیە چونکە کۆچ گەلێک تراژیدیا و لێکەوتەی هەیە و دەیان چیرۆک و خەم و تراژیدیای لێکەوتووەتەوە.