بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم کۆنفرانسەدا نووسەران وچالاکڤانانی کولتووری لە هەوو ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان بەشدارییان کرد.
بەڕێوەبەران و بەرپرسانی مەریوان، بە باشی پێشوازیان لە میوانانی هەرێمی کوردستان لە سنووری باشماخ کرد.
بەگوتەی بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە ئامانجی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسە دووبارە ناساندن و دووبارە خوێندنەوەی مەریوان لە هەموو بوارەکان و ناساندنی ئەم شارە بەدەرەوەیە.
فاتح مستەفایی، دەبیری کۆنفرانسی مەریوانناسی لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: کۆنفرانسی مەریوانناسی لە دوو ساڵ پێشەوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و لەبەر تەشەنەی پەتای کرۆنا بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکە دواخرا.
مستەفایی ڕایگەیاند: سەرەتا لێژنەیەکی زانستی بۆ تاوتوێی تەوەر و بابەتەکان پێک هات. بانگێشتی زانایانی ئەم بوارە کرا تا لەسەر هەڵبژاردنی بابەتەکاندا بڕیار بدەن. لە کۆی ۵۵ وتاری زانستی لەبارەی مێژوو، کۆمەڵگا، ئاو و خاک و ئابووریی مەریوان بۆ دەبیرخانەی ئەم کۆنفرانسە نێردرا ٢٢ وتار وەرگیرا.
دەبیری کۆنفرانسی مەریوانناسی هەروەها گوتی: ئەم کۆنفرانسە لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان بە هاوکاریی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاری شاری مەریوان بەڕێوە چوو. هەروەها کتێبی کۆنفرانسی مەریوانناسی کە بریتیە لە سەرجەم وتارەکانی کۆنفرانس بڵاو کرایەوە و دەتوانێ سەرچاوەیەکی زانستیی باش بێ بۆ کەسانی لێکۆڵەر.
لە پەراوێزی کۆنفرانسی مەریوانناسی، پێشانگای وێنە کۆنەکانی شاری مەریوان و پێشانگای پەیکەرە دارینەکانی هونەرمەند “عومەر پزیشک” لە هۆڵی نیگارخانەی شاری مەریوان بە بەشداریی بەڕێوەبەران و میوانانی کۆنفرانس و بەرپرسانی شار کرایەوە.