ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە چارەنووسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە نێوان ململانێکانی پارتی دیمۆکرات و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وتی: پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق مافی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و تا ئێستاش بەرهەم ساڵح تاکە کاندیدی حیزبە بۆ ئەو پۆستە.
ناوبراو لە هەمان کاتدا هەوڵەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە ئاسایی ناو برد و وتی: پارتی لە خولی ڕابردووش کاندیدی هەبوو بەڵام لە ناو هۆڵی پەرلەمان دەنگی پێویستی بە دەست نەهێنا.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە بەرامبەر پۆستی سەرۆکی هەرێمە و ئەمجارەش بە مافی خۆیی دەزانێت، لە بەرامبەردا پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە پۆستەکە مافی کوردە نەک لایەنێکی دیاریکراو. ململانێی ئەم دوو حیزبە لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار بە کوێ گەیشتووە؟
هێشتا ڕێکەوتنی تەواو لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەکراوە و کێشەکان لە سەر ئاستی عێراق وەک خۆی ماوەتەوە، دۆسیەکە لای دادگای باڵای عێراقە کە بڕیار لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ناوی کاندیدە سەرکەوتووەکان بدات، کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بەم هۆیەوە تا ئێستا نەکراوە و کێشە و گرفتەکان زۆر و گەورەشن و تا ئێستا هەر چی کراوە تەنیا قسە و لێدوان بووە.
ئایا یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێداگری لە سەر هەڵوێستی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکات؟
تەنیا وتووێژ کراوە، بەڵام تا ئێستا بەوەی کە لە سەر زاری سەرۆکی یەکێتییەوە گوێبیستی بووین، پێداگرە لە سەر بە دەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و بۆ ئەو پۆستەش تەنیا بەرهەم ساڵح بەربژێرە و لە سەرجەم سەردان و وتووێژەکانیشدا هەر ئەمە باس کراوە.
وەک لە پرسیاری یەکەمدا هات، پارتیش چاوی بڕیوەتە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار. بۆچوونی ئێوە وەک ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر ئەم هەڵوێستەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان چییە؟
هەوڵەکانی پارتی بە ئاسایی دەزانین و بە دڵنیاییەوە لەو هەوڵانەش بەردەوام دەبێت، وەک چۆن کە لە خولی ڕابردووش بینیمان کاندیدیان هەبوو و کاندیدەکەیان لە ناو هۆڵی پەرلەمان دەنگی نەهێنا.
بەرهەم ساڵح وەک کاندیدی یەکێتی بووە سەرۆک کۆماری عێراق، ئایا هەڵسەنگاندنتان بۆ کارنامەی ناوبراو کردووە، یەکێتی چۆن سوودی لەو پۆستە بینیوە؟
بەرهەم ساڵح سەرکەوتووانە ئیدارەی عێراقی داوە و لەو ماوەشدا یەکێتی ڕەنگە زەرەرمەندیش بووبێت لە بەر ئەوەی کە کارێکی نەکردووە تەنیا لە بەرژەوەندی حیزبەکەی خۆیدا بێت بەڵکوو کاری بۆ عێراق بە گشتی کردووە و هەر ئەمەش وایکردووە کە بتوانێت عێراق بباتە قۆناغێکی نوێ. ئەوەمان بینی کە عێراق لە پاش شەڕی داعش بە چ دۆخێکدا تێپەڕی بەڵام هەوڵەکانی بەرهەم ساڵح وایکرد کە پشتگیری وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بۆ ئەم وڵاتە دابین بکرێت و عێراق بۆ ئەو توانا و پێگەی پێشووی بگەڕێتەوە.
هەڵوێستی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە سەر دووبارە کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق چۆنە؟
ئەوەی ئێمە لێی ئاگادار بین، هەڵوێستیان ئەرێنییە، لە بەر ئەوەی کە لە ماوەی سەرۆکایەتی بەرهەم ساڵحدا هاوسەنگیی لە ناوخۆ و دەرەوەدا دابین کردووە و پەیوەندییەکانی لە گەڵ سەرجەم لایەنەکان لە سەر بنەمای پاراستنی سەربەخۆیی عێراق، پەیوەندییەکی باش بووە.
ئایا لە ناوخۆی یەکێتیدا ڕێگرییەک بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح هەیە؟
ئێمە دەزانین و لە هەموو شوێنێکدا هەر وایە کە هیچ کەسێک ناتوانێت دەنگی تەواو لە پاڵپشتی خۆیدا مسۆگەر بکات بەڵام لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئاکامدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی، مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی حیزب بڕیار لە سەر پرسەکان دەدەن.
دەنگۆی ئەوە هەیە کە مەلا بەختیار نیازی کاندیدکردنی خۆیی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هەیە، ئایا لە ناو یەکێتیدا ئەمە باس کراوە؟
تا ئێستا بە فەرمی لە ناو یەکێتیدا دەنگۆی وەهام نەبیستووە بەڵام لە کۆتاییدا نازانم چی ڕوو دەدات، لە بەر ئەوەی کە لە سەردەمی فۆئاد مەعسوم مەلا بەختیار خۆیی کاندید کردبوو بەڵام دوا جار یەکێتی خۆی بڕیاری کۆتاییدا.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد