بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی المیادین لە سەر زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانیی ئاگادار لە ڕەوتی دانوستانەکانی ڤیەننا ڕایگەیاند کە ئێران بەدواداچوون بۆ 5 پرسی سەرەکی لە دانوستانەکانی ناوەکی دەکات.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە ئێران هەفتەی ڕابردوو 2 ڕەشنووسی پێشنیاری سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان و بەڵێنەکانی خۆی خستووەتەوو کە دانوستان لە سەر هەر دوو پێشنیارەکە دەکرێت.
سەرچاوەکە ڕایگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکی ئێران هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆکانە و واز لەم داواکارییەی ناهێنێت.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ڕەشنووسی پێشنیاری سێهەمی ئێران پەیوەندی بە میکانیزمی دڵنیایی لە هەڵگرتنی گەمارۆکانەوە هەیە و ڕەشنووسی چوارەم تایبەتە بە دەستەبەرەکان و هێشتا ئەم دوو پێشنیارە ئاشکرا نەکراون.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئەگەری وەرگرتنی ڕەزامەندی لە سەر دوو پێشنیاری یەکەم، ئێران ڕەشنووسی پێشنیاری سێهەم دەخاتەڕوو.
گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ڤیەننا ڕۆژی پێنج شەممە 9 ی کانوونی یەکەمی 2021 بەڕێوەچوو. میخائیل نولیانۆف نوێنەری ڕووسیا لە دانوستانەکان ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی کورت و ئیجابی بووە. عەلی باقری دانوستانکاری باڵای ئێرانیش ڕایگەیاند کە لایەنەکان بە تایبەت ئێران بۆچوونی خۆیان لە سەر ڕەوتی داهاتووی دانوستانەکان خستەڕوو./.