کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە سەر بەڕێوەچوونی ئەو خولە بە پەیامنێری جام کوردیی ڕاگەیاند: خولەکە بە بەشداری نزیکەی سی ڕۆژنامەنووس بەڕێوەچووە و لە دوو بەش پێک دێت، بەشی یەکەم کە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە سلێمانی بەڕێوەچووە و بەشی دووەمیش دەبرێتە شاری تاران لە وڵاتی ئێران.
ناوبراو وتی: سێ مامۆستای زانکۆی تاران کە لە ئاستێکی باڵادان ڕۆژانە وانەکانیان دەوتەوە و ئەمەش دەرفەتێکی باشی ڕەخساند بۆ بەشداربووان کە لە داهاتوودا بتوانن ببنە ڕۆژنامەنووسێکی ناودار.
سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هەروەها وتی: خولەکە بە شێوەی ئەکادیمی بەڕێوەچووە و بە پێویستی دەزانین کە ببرێتە شارەکانی دیکە و دەرفەتی ئەوەش بۆ ڕۆژنامەنووسانی دیکە دابین بکرێت.
چەند بەشداربووەیەکی خولەکەش بۆچوونی خۆیان بۆ جام کوردی خستەڕوو. کارزان حەمەجان ڕۆژنامەنووس لە کەناڵی ئازادی بە جام کوردیی ڕاگەیاند: هیوادارین لە داهاتوودا دەرفەت بۆ بەڕێوەبەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئەو ڕۆژنامەنووسانە بڕەخسێت کە لە ژووری هەواڵدا کار دەکەن بۆ ئەوەی کە بەشداری لەم جۆرە خولانەدا بکەن تا بتوانن خۆیان لە چەواشەکاری بە دوور بگرن.
بەسۆز تۆفیق جێگری سەرنووسەر لە ماڵپەڕی puk میدیا وەک بەشداربوویەکی دیکە بە گرنگییەوە باسی بەڕێوەچوونی خولەکەی کرد و وتی: لە ڕۆژانی بەشداریمان لەم خولە ڕۆژنامەوانییەدا زانیاری گرنگمان وەرگرت لە بەر ئەوەی کە لە لایەن ژمارەیەک مامۆستای شارەزا و بەئەزموونەوە دەوترایەوە.
ناوبراو وتی: ئەگەرچی و ئێمە و وڵاتی ئێران هاوسنورین و لە زۆر ڕووەوە لە یەک دەچین بەڵام لە ڕووی زانیاری و ئەزموونی میدیاییەوە جیاوازیمان هەیە و لە ڕێگای ئەم خولانەوە دەتوانین سوود لەو زانیارییانە وەربگرین و پەرە بە تواناکانی خۆمان بدەین.
هاوسنوریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی ڕەخساندووە کە ئاڵوگۆڕ و پەیوەندییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە لە نێوان هەر دوو لا لە ئاستێکی باڵادا بێت و ئەمەش وایکردووە کە بەڕێوەچوونی خولێکی لەم شێوەیە بۆ ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و بە تایبەت سلێمانی وەک دەرفەتێک دابین بکرێت.
ڕەزا ڕەحمەتیان بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی بە ئاماژە بەوەی کە بەڕێوەچوونی خولی فێرکاریی ڕۆژنامەنووسی وەک هەوڵێکی هاوبەش لە گەڵ لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوی CDO بووە، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان خاوەن پەیوەندییەکی مێژوویین کە ئەم پەیوەندییە لە ئێستادا لە زۆر بواری وەک سیاسی، ئابوری، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ڕەنگدانەوەی هەیە و ئیرادەیەکی جیدیش لە نێوان بەرپرسانی هەر دوولا بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان هەیە.
ناوبراو وتی: میدیاکان ڕۆڵی گرنگ لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان لەم سەردەمەی ئێستا دەبینن و ئێمەش بە گرنگمان زانی لەم بوارەدا هەنگاوێکی هاوبەش هەڵبگرین و بۆ ئەم مەبەستەش خولێکی تایبەتی ڕۆژنامەوانی بە بەشداری مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی ئێرانی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچووە.
وتیشی کە خولەکە تایبەت بە فێرکاریی شێوازەکانی نووسینی هەواڵ، ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن و دیمانەکان بووە و چەندین مامۆستای زانکۆکانی تاران کە شارەزایی تەواویان لە بواری میدیاییدا هەیە لە سلێمانی ئەرکی وانەبێژیی خولەکەیان لە ئەستۆ بووە.
ڕەزا ڕەحمەتیان سوپاسی هاوکارییەکانی کاروان ئەنوەر سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی کرد و وتی کە بە تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ئەم خولە لە سلێمانی، لە ماوەی مانگێک تا 45 ڕۆژی داهاتوو 15 کەس لە هەڵبژێردراوانی خولەکە دەبرێنە تاران و لەوێش بە هەمان شێوە درێژە بە وانەکان دەدرێت و لە کۆتاییشدا بڕوانامەی بەشداربوون و تەواوکردنی خولی ڕاهێنان لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری ئێرانەوە بەوان دەدرێت.
بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی وتی کە ئەمە یەکەم خول و کاری هاوبەشی نێوان هەر دوو لایە و هەوڵ دەدرێت لە داهاتووشدا بە پێی پێویست پەرە بە هاوکارییەکان لە بواری میدیاییدا بدرێت.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، هانا شوان لە ڕێکخراوی CDO بە جام کوردیی ڕاگەیاند: ئێمە هەموو هەوڵێک بۆ گەشەپێدانی توانای گەنجان بە گرنگ دەزانین و لەم چوارچێوەشدا ڕێکخراوەکەمان پشتگیری تەواوی دەربڕی بۆ بەڕێوەچوونی ئەم خولە ڕۆژنامەنووسییە.
ناوبراو وتی: جێی دەستخۆشییە لەم کاتەدا کە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوریدا تێپەڕ دەبێت بتوانرێت خولێکی سەرکەوتووی لەم جۆرە بەڕێوە ببرێت.
هانا شوان وتی: ئێمە وەک ڕێکخراوی CDO تەنیا لە ناو شاری سلێمانیدا توانیومانە پشتگیری لە بەڕێوەچوونی خولێکی وەها بکەین، لە بەر ئەوەی کە توانای ڕێکخراوەکەمان هەر بۆ ناو شاری سلێمانییە و هیوادارین لقەکانی دیکەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش خۆیان هەوڵی بەڕێوەچوونی خولی هاوشێوە بدەن./.