بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئاماژە بە پێویستی هاوکارییەکانی نێوان تاران و ئەنکەرە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، وتی: ڕێگای سەرەکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم ڕێزگرتنە لە سەروەری وڵاتان و بە پێی ئەزموون و پێشینەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم بوارەدا پێشوازی لە هاوکاریی وڵاتان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم دەکرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە گرنگیی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی تاران و ئەنکەرە، وتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا و بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هاوبەش لە تاران، قۆناغێکی نوێی هاوکارییەکان دەست پێدەکات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە کۆبوونەوە و ڕاوێژی ئەم دواییەی خۆی لە ئاستی ناوچەکە، وتی: ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە کێشەکانی ناوچەکە دەبێت لە ئاستی ناوچەکە و بە بەشداری وڵاتەکانی چارەسەر بکرێت و پێویست بە بوون و دەستێوەردانی بێگانەکان ناکات.
لەو وتووێژەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هاوکارییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێرانی بە گرنگ ناو برد و وتی: لە ئێستادا بیرۆکەی هاوکارییە هاوبەشەکان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە زاڵ بووە و سەردان و ڕاوێژەکانی ئەم دواییە پیشاندەری سەرکەوتنی دەبێت.
ناوبراو جەختی لە سەر گرنگی هاوکارییە ئەمنی و ئابورییەکانی نێوان تورکیا و ئێران کردەوە و وتی کە لە سەردانەکەمدا بۆ تاران جوڵەیەکی بەرچاو بەو هاوکارییانە دەدرێت./.