بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە نووسینێکی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی کامرسانت چاپی مۆسکۆ، ڕایگەیاند: ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی دەبێت بزانن کە دەرفەتی ئێستای دانوستانەکان بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت، کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت درێژە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان بدات، لە هەمان کاتدا ئامرازی پێویست و کاریگەریشی بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان و گەشەی بەردەوامی ئابوری لە وڵاتدا هەیە.
ناوبراو وتی: تاران بۆ دانوستانێک کە بگاتە ئەنجام و چالاککردنەوەی تەواوی ڕێکەوتنی ناوەکی، لە ڤیەننا ئامادەیی هەیە و بە دڵنیاییەوە کە هەوڵی مسۆگەرکردنی ئەم ئەنجامە ئەرێنییە دەدات. ئامادەیی ئەوەشی هەیە سەرەڕای جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە نیازپاکییەوە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ زاڵمانە و ناساییەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی دانوستان بکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە میانەی شەش گەڕی پێشووی دانوستانەکان بۆ لایەنی ئێرانی بە تەواوی ڕوون کرایەوە کە ئەمریکا هێشتا بەوە نەگەیشتووە کە بە بێ هەڵگرتنی گەمارۆکان ڕێگایەک بۆ چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی بوونی نییە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە ڕوونی داوای لە سەرجەم ئەندامانی ڕێکەوتنی ناوەکی کردووە لەم ڕێکەوتنە پاڵپشتی بکەن و واز لە هەر هەنگاوێک بێنن کە زیانی پێ دەگەێنێت./.