بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: ڕێکخراوی ئۆپێک هەوڵ دەدات کاریگەری ئەرێنیی لە پاراستنی سەقامگیری بازاڕی وزەدا هەبێت و نرخی نەوتیش لە سەروی 75 دۆلاردا دەمێنێتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە گرێبەستەکەی نێوان عێراق و کۆمپانیای توتاڵی فەرەنسا، وتی: هیچ گوشارێکی سیاسی بۆ واژۆکردنی ئەم گرێبەستە نەبووە و گازی عێراق بە بارمتە ناگرێت.
وەزیری نەوتی عێراق وتی: ئەم گرێبەستە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی کەرتی پیشەسازی نەوتیی عێراق و لە کۆتایی ساڵی 2024 سووتاندنی گازی دەرهێنراو لە گەڵ نەوت لە بیرە نەوتییەکانی باشور تا لە سەدا 90 کەم دەبێتەوە.
ئێحسان عەبدولجەبار ڕایگەیاند کە بەسرە لە ئێستادا 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت.
لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو، عێراق و کۆمپانیای توتاڵی فەرەنسا بۆ وەبەرهێنان لە پرۆژەکانی کەرتی وزە، پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و درووستکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر گرێبەستێکیان واژۆ کرد./.