بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق لە کۆبوونەوەی تایبەت بە گەشەی هاوکارییە ئابوری و پیشەسازییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، وتی: ئێمە بەردەوام گرنگیمان بە گەشەی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت عێراق داوە و جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئاستی پەیوەندییەکانی ئێستا دەبێت بەرز ببێتەوە، ئەمەش بە پێی هەلومەرجی ستراتیژیی ئێران و عێراق گرنگییەکی زۆری هەیە.
ناوبراو وتی: لە ئێستادا پەیوەندییەکی دۆستانەمان لە گەڵ عێراق هەیە و لە کابینەی سێزدەیەمی ئێرانیش ئیرادەیەکی جیدی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان هەیە، هەروەها دەبێت باس لە پێگەی تایبەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان بکرێت، بەدەر لەمەش، کەرکوک دەتوانێت لە پەیوەندییەکاندا ڕۆڵی سەرەکیی هەبێت.
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق، وتی: کەرکوک لە ڕووی وزە، پیشەسازی و کشتووکاڵییەوە هەلومەرجێکی باشی هەیە و ئێمەش ئاسۆیەکی 20 ملیار دۆلاریمان بۆ پەیوەندییەکانمان لە گەڵ عێراق دیاری کردووە و تا ئێستاش لە سەدا 17 پەیوەندییە ئابورییەکانمان گەشەی کردووە.
یەحیا ئالی ئێسحاق وتی: ئەگەر دەمانەوێت کە پەیوەندییەکان بەردەوام بێت، سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی هاوبەش یەکێک لەو ڕێگایانەی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانە، ئێمە لە پاش چین زیاترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لە گەڵ عێراق هەیە و ئەمەش پیشان دەدات کە بواری ئابوریی عێراق چ پێگەیەکی بۆ وڵاتی ئێمە هەیە.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش هەوڵ دەدەین کێشە و بەربەستەکانی بەردەم گەشەی پەیوەندییە ئابورییەکان چارەسەر بکەین و مزگێنی ئەوەش دەدەین کە ئاسۆی بەردەم پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا زۆر ڕوونە./.