بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەفتالی بێنت سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی هاوکات لە گەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننا لە گەڵ ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلوفوون وتووێژی کرد و بە پێی ئەوەی کە لە میدیاکانی ڕۆژئاوادا هاتووە، بە ڕاشکاوانە داوای ڕاگرتنی بەپەلەی دانوستانەکانی کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا یەک ڕۆژ پێش ئەوەش یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە پاریس داوای چڕکردنەوەی سزا و گەمارۆ ئابورییەکان و تەنانەت گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازیی لە دژی ئێران کرد.
لە گەڵ ئەمەش، ڕیچار مۆر سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بەریتانیا قۆناغێکی نوێی دژایەتیکردنی ئێرانی دەستپێکرد و ئەم وڵاتەی بە هەڕەشەیەک لە سەر لەندەن ناو برد. ئەو لێدوانەش لە کاتێکدا بووە کە جێگری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئامادەی دانوستانەکانی ڤیەننا بووە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە پاش پەیوەندیی تەلەفوونیی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و ڕژێمی زایۆنیستی پەنای بۆ ئەو لێدوانە هێنابوو.
ئەو دوو کەسەش 29 ی تشرینی دووەم بە هاوبەشی وتارێکیان لە ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف بڵاو کردەوە کە ناوەڕۆکەکەی زیاتر ڕێگری لە پلانی ئاشتیخوازانەی ناوەکیی ئێران و بە واتایەکی دیکە شکستی دانوستانەکانی ڤیەننا بووە.
سەرەڕای ئەمەش زایۆنیستەکان هێشتا واز لە هەوڵەکانیان ناهێنن، بە شێوازێک کە دەیڤید بارینا سەرۆکی مۆسادیان ڕەوانەی واشنتن کرد و تەوەری گرنگی ئەو سەردانەش ئێران و دانوستانەکانی ڤیەننا بووە.
گومان لەوەدا نییە کە لە ساڵانی ڕابردوو ڕژێمی زایۆنیستی سەرەکیترین هۆکاری بانگەشە و پڕوپاگەندە لە دژی ئێران لە سەر ئاستی جیهان بووە و بەردەوام میدیاکانی ئەو ڕژێمە هەواڵ و ڕاپۆرتی درۆیان لە دژی ئێران بڵاو کردووەتەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە هەوڵی تێکدەرانەی ئەو ڕژێمە لەم کاتەدا بۆ چییە؟ زایۆنیستەکان لە کام دەسکەوتی ڕێکەوتن لە ڤیەننا دەترسن؟
بە دڵنیاییەوە ئەو ڕژێمەی کە خاوەنی سەدان کڵاوەی ناوەکییە، ناتوانێت لە چالاکییە ئاشتیخوازانەکەی ئێران کە لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدایە، هەست بە نیگەرانی بکات، بەڵام ئەم هەرایە بۆ چییە؟ ئایا نیگەرانی دەربازبوونی ئێرانە لە گەمارۆ زاڵمانەکان؟ یان ڕق و دوژمنایەتی خۆی لە بەرامبەر وڵاتێک بە مێژوو و کەلتورێکی هەزاران ساڵە لە ناوچەکە دەخاتەڕوو؟
بەڵام پێدەچێت کە ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر لە هەر بابەتێکی دیکە نیگەرانی داهاتووی خۆی بێت، لە بەر ئەوەی کە دیپلۆماسیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت لە پاش دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی گەیشتووەتە ئەنجامی پتەوکردنی پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و بە دیاریکراوی لە بواری ئابوری و بازرگانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ.
ئەم هەلومەرجەش بۆ ڕژێمێک کە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبینێت و لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردووش هەوڵیداوە لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی، جەمسەری زیاتر لە ناوچەکە بکاتەوە، قبووڵکراو نییە و هەر چەشنە ڕێکەوتنێک لە ڤیەننا لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبینێت./.