لەم پێناوەدا دوو سەردانی گرنگ و ستراتیژی لە ڕۆژی دووشەممەدا کراوە کە دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەی کەنداوی فارس بخوڵقێنێت و تایبەتمەندییە سیاسی و ئابورییەکانی لە داهاتوودا دابڕێژێتەوە، یەکەم، سەردانەکەی تەحنون بن زاید ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات بۆ تاران و دووەم، سەردانەکەی محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە بۆ وڵاتانی ناوچەکە کە یەکەم وێستگەی لە عۆمانەوە بووە.
خاڵی یەکەم، واتە سەردانەکەی تەحنون بۆ ئێران کە بووەتە داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات، لەم ڕووەوە گرنگە کە پیشاندەری نەرمیی ئەو وڵاتەیە لە بەرامبەر ئێران، ئەویش لە کاتێکدا کە تا ئەم دواییە ئیمارات ئێرانی وەک دوژمنێک ناو دەبرد و ئێستا هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەدات.
سیاسەتی دەرەوە و ناوچەیی کە لە میانەی ساڵان و دەیەکانی ڕابردوو لە نێو وڵاتانی کەنداوی فارس کۆدەنگیی لە سەر بووە، خۆی لە زیاترکردنی ئەڵقەی گەمارۆکانی سەر ئێران و ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی ئەم وڵاتەدا دەبینێتەوە، ئەم سیاسەتەش لە لایەن وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارسەوە بەرامبەر بە سوریا پەیرەو دەکرا بەڵام کاتێک بە ئامانجەکانی خۆی نەگەیشت، سیاسەتەکە بە شێوازی کاتی بە لاوە نرا و هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران دەدەن.
بەریتانییەکان دەڵێن ” ئەگەر ناتوانیت شکست بە کەسێک بێنیت لە گەڵیدا یەک بگرەوە “. ئەمەش هەمان شتە کە لە ئێستادا سەبارەت بە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس دەبینرێت و بووەتە نیگەرانییەک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی. پێدەچێت کە ئیمارات سیاسەتی کۆنی خۆی و ڕوبەڕوبونەوەی سیاسی و سەربازی لە گەڵ نەیارانی بەلاوە ناوە و ڕووی هێناوەتە سیاسەتێکی نوێ.
چەکی دارایی و ئابوری، بەشێکی زۆری سیاسەتی نوێی ئیمارات لە خۆ دەگرێت و ئەم سیاسەتەش لە سەردانەکەی ئەم دواییەی شێخ محەممەد بن زاید جێنشینی ئەبوزەبی بۆ ئەنکەرە و ڕاگەیاندنی سندۆقێکی سەرمایەگوزاری 10 ملیار دۆلاری لە تورکیا بۆ پاڵپشتی لە ئابوری ئەو وڵاتە و دەستپێکردنی قۆناغێکی باشتری پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەنکەرە بە ڕوونی دەبینرێت.
ئەگەر سرنجی لێدوانەکانی بن سەلمان بۆ یەکەم جار لە کاتی ڕاگیرانی سەردانەکانی بۆ وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس لە دوو ساڵی ڕابردوو بدەین، دەبینین کە لێدوانەکان پیشاندەری گۆڕانکارییە لە سیاسەتەکانی سعوودیە و هەوڵی ئەم وڵاتە بۆ بەدەستهێنانەوەی پێگە و هەژموونی لەدەستچووی لە ناوچەی کەنداوی فارس و دۆزینەوەی ڕێگای دەربازبوون لە گێژاوی شەڕی یەمەن.
بۆ تێگەیشتنی هەڵوێست و ئامانجی بن سەلمان لە سەردانەکەی بۆ وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس دەبێت گرنگی بەم خاڵانە بدەین:
- بن سەلمان عۆمانی وەک یەکەم وێستگە و ئیماراتی وەک چوارەم وێستگەی سەردانەکەی هەڵبژاردووە و ئەمەش پیشاندەری یەک گۆڕانکاری و کودەتایە لە هاوپەیمانییەکانی سعوودیە لە گەڵ وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس، بە شێوازێک کە هاوپەیمانی سعوودیە لە گەڵ ئیمارات کە هاوبەشی سەرەکییە لە شەڕی یەمەن کاڵ بووەتەوە و لە ئێستادا سوڵتان نشینی عۆمان بە چەند هۆکارێک بووەتە یەکەمایەتی ڕیاز.
- هاوکاری و نزیکبوونەوە لە گەڵ عۆمان ڕەنگە سەرەتایەک بۆ ڕۆڵی نێوەندگێڕیی ئەم وڵاتە لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان سعوودیە و ئێران بێت، بە تایبەت ئەوەی کە عۆمان بەردەوام سیاسەتێکی میانەڕۆ و بە دوور لە توندڕۆیی لە دۆسیەکانی ناوچەکە و بە دیاریکراوی لە شەڕی یەمەندا هەبووە.
- هەڵبژاردنی عۆمان وەک یەکەم وێستگەی سەردانەکەی محەممەد بن سەلمان بۆ وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس دەبێتە هۆی زیاتربوونی هاوکارییە بازرگانییەکان و پرۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان کە کۆتایی بە پەراوێزکەوتنی عۆمان دێنێت و لە گەڵ سوریا، عێراق، لوبنان و ئەردەن، واتە باکوری جیهانی عەرەب نزیکی دەکاتەوە.
بەڵام خاڵی سەرەکی گۆڕانکاری لە هاوپەیمانییەکانی سعوودیە بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە:
یەکەم، شکستی ئەمریکا لە ئەفغانستان و دووەم، شکستی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی شمشێری قودس لە بەرامبەر گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین کە لاوازیی سیستەمی بەرگری ئاسمانی گومەزەی ئاسنینی نمایش کرد و وای لە ئەمریکا کرد کە بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە و بۆ نێوەندگێڕی پەنا بۆ قاهیرە ببات.
بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت لە بواری سەربازی لە ناوچەکە کە بەشێکی هەرە گەورەی پەیوەندیی بە دوو پرۆژەی ستراتیژی مووشەکی بالستی و ناوەکییەوە هەیە، لە ڕیزی هۆکارە سەرەکییەکانی گۆڕینی هاوپەیمانییەکانی سعوودیە دادەنرێت. لە ڕاستیدا وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بەو ڕاستییە گەیشتوون کە نە ئەمریکا وەک زلهێزێک – کە ئێستا بەرەو پووکانەوە دەڕوات – و نە ڕژێمی زایۆنیستی ناتوانن لە ساڵانی داهاتوودا ئەوان بپارێزن، بەم هۆیەوە ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی داگیرکاری تەل ئەبیب بەرەو پاشەکشە دەڕوات و لە بەرامبەردا وڵاتانی عەرەبی لە بوارە جیاجیاکاندا هەوڵی نزیکبوونەوە لە ئێران دەدەن.
عەبدولباری عەتوان
شرۆڤەکاری جیهانی عەرەب و سەرنووسەری ڕۆژنامەی رای الیوم