بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو دەستی لە کار کێشایەوە، وردەکاری دەست لە کار کێشانەوەکەی ڕاگەیاند.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی کەناڵی الجدید ی لوبنان، وتی: دوو ڕۆژ پێش دەست لە کار کێشانەوە، نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان منی بانگهێشت کرد و کۆبووینەوە و لە سەر دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک کۆماری فەرەنسا هەندێک زانیاریی باس کرد. پاش کۆبوونەوە لە گەڵ عەبدوڵڵا بوحەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان، ناوبراو داوای دەست لە کار کێشانەوەی منی کرد، منیش لە گەڵ سولێمان فەرەنجیە سەرۆکی ڕەوتی المردە ی لوبنان کۆبوومەوە و هەر بڕیارێکم خستە ئەستۆی ناوبراو.
قەرداحی وتی: سولێمان فەرەنجیە ڕاوێژی بە هاوپەیمانەکان کرد و ئەوانیش منیان بۆ هەر بڕیارێک سەرپشک کرد.
ئەم وەزیرەی پێشووی کابینەی لوبنان وتی: ڕەنگە من هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار یان تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت بم.
جۆرج قەرداحی وتی: ئەوەی کە ڕوویدا ناتوانێت گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە لە گەڵ لوبنان دەستەبەر بکات، قەشە ڕاعی داوای لە من کرد کە بۆ بوون بە قارەمانێک واز لە پۆستەکەم بێنم، من بەوم وت کە ئایا هەڵەم کردووە؟ لە وەڵامدا وتی، نە. منیش وتم تا کەی دەبێت گوێڕایەڵی بڕیارەکانی دەرەوە بین؟.
وەزیرە دەست لە کار کێشاوەکەی لوبنان وتی: من دەزانم کێ لە دژی من کەمپینی دەکرد بەڵام ناوی ناهێنم و تەنیا لە سەر مەکرۆن قسە دەکەم.
ناوبراو وتی: من پاڵپشتی خەڵکی لوبنانم بە دەست هێنا و ئەمەش باشترین دەسکەوتە. لە سیاسەتدا گۆڕەپانەکە کراوەیە و من سەر لە نوێ بە هەر داواکارییەک لە بواری سیاسیدا بەشداری دەکەم و بۆ هەڵبژاردنەکان ئامادەم، من یەکەم کەس نەبووم کە بێ ئاکامبوونی شەڕی یەمەنم ڕاگەیاند و بەردەوام لە چاوپێکەوتنەکان و بەرامبەر بە شازادە محەممەد بن سەلمان ئەوەم ڕاگەیاندووە.
وتیشی کە من لایەنگری ڕاستییەکانم و هەوڵ دەدەم لە گەڵ خۆڕاگری بۆ بەرگری لە باشوری لوبنان بمێنمەوە./.