بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی وتی کە لە ڤیەننا بە پێی ئەو پێشنیارانەی کە ڕادەستی لایەنەکانی دیکە کراوە، لە پێناو هەڵگرتنی گەمارۆکان دانوستان دەکەین و هیچ کات قسە لە سەر هەڵپەساردنی گەمارۆکان یان ڕێکەوتنی قۆناغ بە قۆناغ نەکراوە.
ناوبراو وتی: ئێمە بە جیدی چووینەتە دانوستانەکانی ڤیەنناوە و شاندێکمان ناردووە کە بگەنە ڕێکەوتنێکی باش و ئەمەش لە جێبەجێکردنی بەڵێنی سەرجەم لایەنەکان دەبینین.
خەتیب زادە وتی: ڕەنگە لایەنی بەرامبەر چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد بەم تێڕوانینەوە لە زووترین کاتدا بگەنە ڕێکەوتنی باش و شاندەکەی ئێران پێشنیاری ئامادە و نووسراو ڕادەستی ئەوان بکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئەوەی کە لەو پێشنیارەدا هاتووە بە پێی ڕێکەوتنی ناوەکی و شەش گەڕی پێشووی دانوستانەکان بووە، بەداخەوە کە تێڕوانینی وڵاتانی ئەورووپی و جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانیان وایکردووە کە دیسانەوە دانوستانکارانی ئەوان بۆ پایتەختەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، بەڵام شاندەکەی ئێران ڕایگەیاند کە تا هەر کات پێویست بکات لە ڤیەننا دەمێنێیەوە و ویستی ڕێکەوتنیشی هەیە.
وتیشی کە عەلی باقری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەنریکە مورا جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا بەرواری دانوستانەکان دیاری دەکەن و گەڕی نوێی دانوستانەکان کۆتایی ئەم هەفتەیە دەبێت، گرنگ ئەوەیە کە لایەنی بەرامبەریش وەک ئێران بە پێشنیاری دیاریکراوەوە بێت، ئێمە دەزانین کە لە ڤیەننا چیمان دەوێت و ئەوەشمان دەوێت لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکیدایە.
خەتیب زادە وتی: نە پەلەمان هەیە و نە موڵەتی ئەوەش دەدەین کەسێک یاری بە کات و وزەی ئێمەوە لە ڤیەننا بکات، شاندەکەی ئێمە بە ئیرادەی ڕێکەوتنی باش چووەتە ڤیەننا و هیوادارین لایەنی بەرامبەریش وەها بێت./.