سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق یەکەم جار نییە و پێشتریش لە خانەقین، لە نزیک کەرکوک، پردێ و بۆ دووەم جاریش لە مەخمور دەستیپێکردووەتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە گومانی شەقامی کوردی لە سەر هێرشەکان و بە تایبەت لەم کاتەدا کە ناڕەزایەتییەکی ناوخۆیی لە دژی خەارپیی گوزەرانی خەڵک و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان هەیە و هەروەها کاریگەری هێرشەکان لە سەر پرۆسەی سیاسی عێراق، وتی: هێرشەکان ڕەنگە کاریگەرییان لە سەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پرۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە هەبێت، ئەوەی کە ڕەنگە بۆ مەرامی جیاجیا یان کێ بەکاریان دەهێنێت ئەوە بابەتێکی جیایە. بەڵام بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە سەرەتا سەرکەوتنی سەربازیمان بە سەر داعشدا ڕاگەیاند بەڵام بە داخەوە کە بیری توندڕۆیی داعش وەک خۆی مایەوە، وەک چۆن کە لە پێشدا قاعیدە و زەرقاوی و بوکۆحەرامیش وا بووە، ئەگەر لە ڕێگای ڕاگەیاندن و پەروەردە و هەواڵگری و هەموو جیهان پێکەوە بە هاوکاریی هاوبەش نەبێت و سەرچاوە دارایی و ئایدۆلۆژییەکانی داعش بنبڕ نەکرێن، داعش بە ئاسانی بە کۆتایی ناگات.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی: ڕەنگە لە عێراق هێز هەبێت کە مانەوەی داعش وەک بیانوویەک بۆ مانەوەی خۆی بە کار بێنێت، یان وڵاتی دراوسێ هەبێت و بیەوێت لە ڕێگای داعشەوە گوشار لە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق دابنێت، هەر بۆیە مانەوەی داعش دەتوانێت دەستی دەرەکیی لە پشتەوە بێت بەڵام پێویستە ئێمە خۆمان لە ڕووی سەربازی و کەرەستەکانی ڕوبەڕوبونەوە بۆ شەڕی داعش ئامادە بکەین و هێزەکانی پێشمەرگە ببنە خاوەنی کەرەستەی نوێ و تەکنیکی نوێی شەڕکردن و کۆتایی بەو شێوازە ڕوبەڕوبونەوەی جاران بێنن، لە بەر ئەوەی کە داعش لە ئێستادا تەکتیکی شەڕی خۆیی گۆڕیوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئامانجی هێرشەکان تەنیا هەرێمی کوردستان هییە، ئەگەرچی وەک ئامانجی سەرەکی هێرشەکان بە تایبەت لەم قۆناغەدا بووە. گومانەکەی خەڵکی کوردستانیش لە سەر هۆکارەکانی پەرەسەندنی هێرشەکانی داعش بە تایبەت لەم کاتەدا لە جێگەی خۆیدایە.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە هێزەکانی پێشمەرگە نیگەرانییەکانی خۆیان نەشاردووەتەوە کە لە ڕووی چەک و پێداویستییەکانی دیکەوە کەموکورتییان هەیە و بەرپرسانی باڵا لە ناو شاردا دەستیان بە سەر هەموو پێداویستییە گرنگەکاندا گرتووە، وتی: نیگەرانییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە جێی خۆیدایە و من پێشتریش باسم کردووە و سیروان بارزانی فەرماندەی میحوەری مەخمور و گوێریش ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووی ئامرازەکانی ئەلیکترۆنی و چەکەوە لاوازن، کەچی یەکە سەربازییەکانی پێشمەرگە لە ناو شار و لە ناو چێشتخانەکاندا چەکی باشتریان پێیە لەوەی کە لە سەنگەرەکاندا بە دەست پێشمەرگەوەیە و ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.
ئاشکراکردنی پێشوەختەی پلان و جموجوڵە سەربازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن وتەبێژ و فەرماندە سەربازییەکان و تەنانەت دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بە یەکێک لە خاڵە لاوازەکان دادەنرێت کە سەعدی ئەحمەد پیرە لە وەڵامدا وتی: ئەوە کارێکی هەڵە و خەراپە و خاڵی لەناوکاو ناهێڵێت، پێویستە فەرماندە سەربازییەکان پلان و بەرنامە سەربازییەکانی خۆیان بە پارێزراوی بهێڵنەوە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ داڕێژەرانی بەرنامەکان و پێویستە لە سەر ئاستی گرووپێکی بچووک قسەی لە سەر بکرێت و ئاشکرابوونی نهێنییەکان زیانی گەورەیان لێدەدات.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دووری زانی کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیان لە پاڵپشتیکردنی داعش هەبێت و وتی کە دەکرێت لەم بابەتەدا گومان لە سەر هاوکاری تورکیا بکرێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد