بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میشل عون سەرۆک کۆماری لوبنان لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی الشرق ی قەتەر، وتی کە قەتەر تەنیا وڵاتێکە لە ڕووی دۆستایەتی و برادەرییەوە هاوکاری سیاسی، مادی و مەعنەوی ئێمەی کردووە و قەد هەوڵی دەستڕۆیشتوویی خۆیی لە لوبنان نەداوە.
ناوبراو وتووێژەکانی لە گەڵ میری قەتەر بۆ دەربازبوونی لوبنان لەم قەیرانەی ئێستا بە گرنگ ناو برد و بە ئاماژە بە پچڕانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و سعوودیە و شوێنکەوتووەکانی، وتی: تەنیا ڕێگای دەربازبوون لەم قەیرانە، وتووێژی داهێنەرانە و گەڕانەوەی پەیوەندییەکانە بۆ شێوازی پێشووی خۆی.
میشل عون لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە هەندێک حیزبوڵڵا بە بەربەستی بەردەم پەیوەندییەکانی لوبنان و وڵاتانی کەنداوی فارس ناو دەبەن، وتی: لە ڕاستیدا لوبنان پێویستی بە سەقامگیری ناوخۆیی هەیە، ئەوەی کە لە حیزبوڵڵا داوا کراوە پابەندی بووە و جێبەجێی کردووە، حیزبوڵڵا پابەندی بڕیاری ژمارە 1701 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە کە لە کاتی سەرۆکایەتی قەتەر لەو ئەنجومەنە دەرکراوە.
سەرۆک کۆماری لوبنان وتی: لوبنان لە دەرەوەی ئەم ناوچە نییە و کاریگەری لە ڕووداوەکانی ناوچەکە بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی وەردەگرێت، گوشاری دەرەکی لە سەر سەرجەم لایەنەکانی لوبنان هەیە و ئەمەش تەنیا لوبنان نییە و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە ژێر کاریگەری گوشاری دەرەکیدان./.