بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کۆمەڵە بەڵگەیەکی لە سەر تەزویر و ساختەکاری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق خستەڕوو و وتی: پاش خۆپێشاندانەکان بەردەوام جەختمان لە سەر بەڕێوەچوونی خێرای هەڵبژاردنەکان کردەوە و پێمان وابوو کە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە بەڵام پرۆسەکە بە پێی چاوەڕوانییەکان بەڕێوە نەچوو.
ناوبراو وتی: ئێمە لەو بڕوایەدا بووین کە هەڵبژاردنەکان دەبێتە هۆی گەڕانەوەی متمانەی گشتی بە پرۆسەی سیاسی بەڵام هەر لە سەرەتاوە گومانمان لە سەر بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیش هەبوو.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بە ئاماژە بەوەی کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هیچ ڕاپۆرتێکی لە سەر ئەو ئامێرانە بە پەرلەمان نەدابوو، وتی: ئێمە لە سەرجەم کۆبوونەوەکان نیگەرانی خۆمان لە سەر دەستکاریکردنی ئەنجامی ئەلیکترۆنی هەڵبژاردنەکان دەخستەڕوو.
عامری وتی کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەو دەنگانەی کە بە کاندیدەکان درابوو و ئەو ئەنجامەی کە ڕاگەێندرا، هەبووە و سەرجەم بەڵگەکانیش لە سەر ئەو ساختەکاری و پێشێلکارییە ڕادەستی دادگای فیدراڵی کراوە و 6 ڕاپۆرتی دیکەشمان لە سەر پێشێلکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵا و تەزویر و ساختەکارییەکان هەیە.
ناوبراو وتی کە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ دەکەین.
وتیشی کە لەو بڕوایەداین کە هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکێک لە ڕێگاکانی دەربازبوونە لەم قەیرانەی ئێستای عێراق./.