بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە درێژەی گەشتە ناوچەییەکەدا گەیشتە سعوودیە، ئەم سەردانەش بە تایبەت کۆبوونەوەی لە گەڵ محەممەد بن سەلمان جێنشینی ئەم وڵاتە ڕوبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆر بووەتەوە.
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی بەرپرسێکی باڵای وڵاتانی ڕۆژئاوایە لە گەڵ جێنشینی سعوودیە لە کاتی تیرۆری دڕندانەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگر کە بە فەرمانی محەممەد بن سەلمان و بە شێوازێکی نامرۆڤانە لە تورکیا کوژرا.
ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی لە وتارێکدا ڕایگەیاندووە کە سەرکردەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو ئامادەی هیچ کۆبوونەوەیەک لە گەڵ بن سەلمان نەبوون، تەنانەت سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی واشنتن و ڕیاز لە ئاستی سەرۆک کۆمار و شای سعوودیە دەبێت.
ئەگنس کالامارد ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە هاووڵاتییەکی فەرەنسییە، لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم کۆبوونەوە وتی کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی فەرەنسا لە سعوودیە هەرچی بێت نابێتە پاساوی ئەوەی کە شەرعییەت بەو دەسەڵاتدارەی بدرێت کە ڕۆژنامەنووس تیرۆر دەکات و چالاکوانانی مافی ژنان دەخاتە گرتووخانەکانەوە.
لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم ڕەخنە و هەڵوێستانە، سەرۆکایەتی کۆماری فەرەنسا ڕایگەیاندووە کە سعوودیە وڵاتێکی کاریگەری ناوچەکەیە./.