بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی باقری لە چاوپێکەوتنی تایبەت لە گەڵ کەناڵی جزیرەی قەتەر، وتی: ئێران لە ئەگەری قبووڵکردنی ئەو دوو پێشنیارەی کە بە لایەنی بەرامبەر دراوە، پێشنیاری سێهەمیش دەخاتەڕوو.
بە وتەی عەلی هاشم پەیامنێری جزیرە، پێشنیاری سێهەمی ئێران ڕەنگە لە سەر پرۆسەی تاقیکردنەوەکان و داواکارییەکەی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی بێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: پێشنیارەکانی ئێران بە پێی ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2015 یە و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە سەرجەم گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران دەبێت نەمێنێت.
باقری وتی: ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە پیتاندنی یۆرانیۆمی لە سەدا 90 لە لایەن ئێرانەوە دەکەن، دوورە لە ڕاستی و لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیش ڕەتکراوەتەوە و ئێران لە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ئەو ئاژانسە ناکشێتەوە.
ناوبراو وتی: هەندێک لایەنی تێکدەر بوونەتە بەربەستێک لە بەردەم دانوستانەکان و هەوڵ دەدەن دانوستانەکانی ڤیەننا شکست بێنێت.
دانوستانکاری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەم وڵاتە وتی: ڕژێمی زایۆنیستی تەنانەت ناتوانێت خەونی ئەو هێرشەش ببینێت./.