بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان لە نامەیەکدا بۆ میشل عون سەرۆک کۆمار و نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە، دەست لە کار کێشانەوەی خۆیی ڕاگەیاند.
ناوبراو هۆی بڕیارەکەشی بۆ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی لوبنان گەڕاندەوە.
پێشتر لێدوانێکی قەرداحی کێشەی خستە پەیوەندییەکانی نێوان لوبنان و سعوودیە. ناوبراو سەبارەت بە شەڕی یەمەن ڕایگەیاندبوو کە شەڕێکی بێهۆیە و دەبێت ڕابگیرێت و حوسییەکان لە بەرامبەر تاوان و دەسدرێژییەکان بەرگری لە خۆیان دەکەن.
ئەم لێدوانەش کاردانەوەی سعوودیەی بە دوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بە هەمان شێوەی سعوودیە هەڵوێستیان لە دژی لوبنان وەرگرت و سعوودیە، کوێت، ئیمارات و بەحرەین باڵیۆز و دیپلۆماتکارەکانی خۆیان لە بەیروت کشاندەوە و باڵیۆزەکانی لوبنانیشیان لە وڵاتانی خۆیان دەرکرد./.