بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل هەنیە لە میانەی بەشداریی لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە قودس لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا وتی: کاتی یەکلاییکردنەوەی شەڕی مێژوویی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی گەیشتووە و جیهانی ئیسلام دەبێت پلانێکی تەواوی هەبێت نەک تەنیا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پرۆژەکانی بەجولەکەکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، بەڵکوو بۆ ئازادکردنەوەی ئەو خاکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
ناوبراو وتی: هاوکاریی نێوان جیهانی ئیسلام بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی، هاوکارییەکی ڕاستەقینەیە و موسڵمانان هیچ کات وازیان لە هاوکاریکردنی فەڵەستین و قودس نەهێناوە.
ئیسماعیل هەنیە جەختی لە سەر پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە.
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس وتی: دەبێت پلانێکی یەکگرتوومان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەبێت. ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردووەتەوە، خۆیان لاواز و ئەو ڕژێمە بەهێز دەکەن.
هەنیە وتی: حەماس بە چاوێکی ئەرێنییەوە لە گۆڕانکارییەکانی فەڵەستین، ناوچەکە و جیهان دەڕوانێت.
ناوبراو سەبارەت بە کشانەوەی ئەمریکاش لە ئەفغانستان وتی: ئەم کشانەوە سەرەتای کشانەوەکانی دیکە دەبێت و هۆکاری لاوازبوونی هاوپەیمانەکانی واشنتن بە تایبەت ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت.
ئەو بەرپرسە باڵایەی بزوتنەوەی حەماس وتی کە ئەمریکا چیدی بریار بە دەست نییە و ناتوانێت هەژموونی خۆی بە سەر گەلانی ناوچەکەدا بسەپێنێت.
وتیشی کە بەرزکردنەوەی پێگە و بایەخی قودس و مزگەوتی ئەقسا، پاڵپشتی لە خۆڕاگریی فەڵەستین و لەناوبردنی پرۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە سێ ستراتیژی گرنگ لەم قۆناغەدا دادەنرێت./.