شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: هەندێک تێبینی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە دراوە بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان. بۆ نموونە، لە وڵاتی ئێران کاتێک هەناردە دەکرێت لە سەدا 9 ی وەردەگیرێت و بڕیارە پاش تەواوبوونی ساڵ بە هەناردەکاران بدرێتەوە، لە ڕوانگەی ئێمەوە باشتر وایە ئەوە لە بازرگانان و هەناردەکاران وەرنەگیرێت تا کاریگەریی لە سەر ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان نەبێت یان پاش تەواوبوونی ساڵەوە بەوان بدرێتەوە.
ناوبراو وتی: هاوردەی کاڵا لە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووی نرخەوە گونجاوترە بەڵام لە ڕووی کوالیتییەوە ڕەنگە هەندێک کەموکورتیی هەبێت، بەردەوام ئەوەشمان بە لایەنی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە لە هەناردەی کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگی بە کوالیتی بدرێت، بەڵام نرخی کاڵای تورکی بۆ ئێمە گونجاو نییە و تەنیا کوالیتییەکەی هەندێک باشترە.
سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە ئاماژە بەوەی کە شتێکی ئەوتۆ لە هەرێمەوە هەناردەی دەرەوە ناکرێت، وتی: هەندێک تێبینی هەیە کە ئێران دەتوانێت بە جێبەجێکردنیان ڕێژەی هەناردەی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بکات. یەکەم، ئەو لە سەدا 9 یەی کە ئاماژە درا ساڵانە بە هەناردەکارانی ئێرانی بدرێتەوە، دووەم ئەوەی کە خاوەن کارگەکانی ئێران خۆیان بۆ گرێبەستەکان بێنە هەرێمی کوردستان، ئەمەش لای تورکەکان باشتر جێبەجێ کراوە بەڵام ئێرانییەکان نوێنەری خۆیان دەنێرن کە دەسەڵاتێکی وەهایان نییە و بە گەڕانەوەیان لە هەرێمی کوردستان هەموو شتێک پشتگوێ دەخەن.
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان هەروەها وتی: لایەنی ئێرانی کە دێتە هەرێمی کوردستان دەبێت بە دیاریکراوی توانا و تایبەتمەندی خۆی لە ڕووی هەناردەی کاڵاوە بخاتەڕوو، هەندێک جار هەبووە کە کەسی وا هاتووە و ڕایگەیاندووە چیتان دەوێت هەناردەی بکەین، دەبێت ئەو کەسە بە دیاریکراوی بڵێت کە وەبەرهێنەر و هەناردەکاری چییە نەک بازرگانیکردن بە هەموو شتێک، ئەمە ڕەنگە بخرێتە چوارچێوەی دەڵاڵییەوە، تورکەکان ئەم خاڵە بە تەواوی لە بەرچاو دەگرن. گرنگ ئەوەیە کە هەر کەسێک لە ئێرانەوە بۆ کاروباری بازرگانیش دێتە هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆنسووڵخانەوە بێت تا دڵنیایی زیاتر هەبێت و هاوکارییەکان پێکەوە باشتر بێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا سوپاسی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە سلێمانی کرد کە لە پێناو بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەر دوو لا، هاوکاری و ئاسانکارییەکی زۆری کردووە بە تایبەت لە گەڵ یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان./.